وەزارەتی خوێندنی باڵا ژمارەیەک زەمالەی خوێندن لە تورکیا رادەگەیەنێت

درێژتر لە هەواڵ 2 کاتژمێر پێش ئێستا

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

بابەتە سەرەکییەکە: وەزارەتی خوێندنی باڵا ژمارەیەک زەمالەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرای لە وڵاتی تورکیا بۆ فێرخوازانی هەرێمی کوردستان راگەیاند.

راگەیەندراوی فەرمی: وڵاتى تورکیا (١٣) کورسى خوێندنى ماستەرو دکتۆرا لە بوارى جیا جیا پێشکەش بە وەزارەتەکەمان کردوە.

دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا:

لە ئەنجامى سەردانى وەزیرى خوێندنى باڵا بۆ تورکیا، ئەم وڵاتە (١٣) زەمالەى خوێندن پێشکەش بە فێرخوازان لە هەرێمى کوردستان دەکات
وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى زەمالەى خوێندنى (ماستەر و دکتۆرا) لە وڵاتى تورکیا ڕادەگەیەنێت
لە ئەنجامى سەردانى ساڵى ڕابردوى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ وڵاتى تورکیاو بەسەرکردنەوەى دامەزراوەکانى ئەو وڵاتەو ئەنجامدانى لێکگەیشتنى هاوبەش بۆ ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى و پێشکەشکردنى زەمالەى خوێندن بە فێرخوازانى هەرێمى کوردستان، وڵاتى تورکیا (١٣) کورسى خوێندنى ماستەرو دکتۆرا لە بوارى جیا جیا پێشکەش بە وەزارەتەکەمان کردوە، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى مامۆستایان و فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و سەرجەم وەزارەتەکانى دیکە ئاگادار دەکاتەوە، دەتوانن داواکارى بۆ پێشکشەکردنى ئەم زەمالەیە پێشکەش بکەن بەم شێوەیەى خوارەوە:
- هەشت کورسی بۆ دامودەزگاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
- پێنج کورسی بۆ وەزارەتەکانی دیکە.
هەر کەسێک سەرباری مەرج و ڕێنماییەکانی زەمالەى تورکیا ، ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدا بەرجەستە بێت و ئارەزوی خوێندن لە وڵاتی تورکیا بکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێبینیانەی خوارەوە داواکاری لە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکەن:
https://turkiyeburslari.gov.tr/
• پێشکەشکار دەبێت فەرمانبەر یا مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
• پێشکەشکار دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە.
• پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە ٦٥ کەمتر نەبێت بۆ خوێندنی ماستەر و لە ٧٠ کەمتر نەبێت بۆ خوێندنی دکتۆرا.
• ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە بەر لە پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکاریەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
• داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامە پێشکەش بکات. (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت بۆ خوێندنی ماستەر، ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت بۆ خوێندنی بەرنامەی دکتۆرا).
• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وەزارەتەکەمان تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی تورکیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
تێبینی:
- هەرکەسێک ئەم مەرج و رێنماییانەی سەرەوەی تیایدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت.
- تکایە بۆ هەر پرسیارێک یان زانیاری زیاتر سەرەتا سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
- کاتی پێشکەش کردن لە (1/10/ 2025)وە دەست پێدەکات.
- دوای وەرگرتن لەم زەمالەیە، تکایە بە مەبەستی کردنەوەی فایل سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن:
https://scholarship.digital.gov.krd/#/login
- دوای پێشکەشکردن لە رێگەی ئۆنلاین تکایە ئەم زانیاریانەی خوارەوە لە رێگەی ئیمێلی ([email protected]) بۆ وەزارەتەکەمان رەوانە بکەن:
Full name:
Application No.:
Applied program:
Email address:
Telephone No.:
Copy of the application
تکایە هەموو ئەم زانیاریانەی سەرەوە بە یەک فایل بۆ مان رەوانە بکەن و فایلەکەش بە ناوی خۆت بێت. بۆ ئەوەی کاری لە سەر بکرێت و رەوانەی زانکۆی سەرەوە بکرێت.
- بۆ کاندیدانی دامودەزگاکانی خوێندنی باڵاو وەزارەتەکانی تر، هەمان رێکار جێبەجێ دەکرێت، دەبێت کاندید پشتگیری شوێنی کارەکەی لەگەڵ بێت، کە بە ڕونی باس لە وە بکات دوای بە دەستهێنانی بڕوانامەو گەڕانەوە کاردەکات و پێویستیان بەم بوارەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا