كۆسره‌ت ره‌سوڵ: راپه‌ڕ‌ین به‌پێشڕ‌ه‌وی یه‌كێتی بوو

درێژتر لە هەواڵ 24 کاتژمێر پێش ئێستا

لەلایەن: نێرگز

Alternate Text

بابەتە سەرەکییەکە: لەساڵیادی راپەڕین و ئازادكردنی كوردستان كۆسرەت رەسوڵ  رایگەیاند، ''ئەرکە لەسەر شانی هێزە سیاسییەکان ململانێکانیان وەلا بنێن و لەپێناو ئامانج و ئاواتەکانی گەلەکەمان یەکگرتوبن و بەرامبەر خوێنی شەهیدان و خەباتی تێکۆشەرانمان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن.''

دەقی پەیامەكە: 

ساڵیادی راپەڕین و ئازادكردنی كوردستان لە چنگی رژێمی بەعسی داگیركەر لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەكان، زیندانیانی سیاسی و كەمئەندامانی سەنگەر، رێكخستنە نهێنییەكان و شانە چەكدارەكان و تەواوی خەڵكی كوردستان پیرۆز دەكەم، ئومێد دەكەم هەموومان خەبات بكەین لەپێناو پاراستنی دەستكەوتەكانی راپەڕین و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ترۆپكی خەونەكان.

ئەوێ رۆژێ، كە راپەڕینی خەڵكی كوردستان لە رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە هەڵگیرسا و مژدەی سەركەوتنی بە تەواوی كوردستان بڵاوبۆوە، بە پێشڕەوی و پێشەنگایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە یەكگرتوویی و یەكدەستی هێزە كوردستانییەكان لە چوارچێوەی بەرەی كوردستانی و بەشداری راستەوخۆی جەماوەری راپەڕیو توانرا لە ماوەیەكی كورتدا كوردستان ئازاد بكرێت و كۆتایی بە حوكمی دڕندانەترین رژێمی ناوچەكە بهێنرێت و بۆ یەكەمجار خەڵكی كوردستان هەناسەی ئازادی هەڵمژن و خوێنی شەهیدان و خەباتی تێكۆشەرانمان بگاتە ئەنجام.

ئەمڕۆ كە یادی ئەم رۆژە مێژوویی و پڕ شكۆیە دەكەینەوە، كوردستان و ناوچەكە بە قۆناغێكی هەستیار تێپەڕ دەبێت، ئەركە لەسەر شانی هێزە سیاسییەكان ململانێكانیان وەلا بنێن و لەپێناو ئامانج و ئاواتەكانی گەلەكەمان یەكگرتوو بن و بەرامبەر خوێنی شەهیدان و خەباتی تێكۆشەرانمان بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن، یەك دەست و یەك هەڵوێست تێبكۆشن لەپێناو ئاواتە وەدینەهاتووەكانی گەلەكەمان و دابینكردنی ژیانێكی شایستەو شەرەفمەندانە بۆ گەلەكەمان.
دووبارە یادی راپەڕین لە تەواوی كوردستانیان پیرۆز دەكەم و سەری رێزو نەوازش بۆ سەرجەم ئەو شەهیدانە دادەنوێنین كە لەپێناو ئەم خاك و گەلە خەباتیان كردو خوێنیان بەخشیز
كۆسرەت رەسوڵ عەلی
٥ی ئازاری ٢٠٢٥

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا