بابەتە سەرەکیەکە: رۆژنامەیەکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، دۆناڵ
ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، هەوڵەکانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی پەروەردەی وڵاتەکەی
دەستپێکردوە.
کێ وتی: رۆژنامەی وۆڵ
ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە: سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ داوای لە وەزیری پەروەردە لیندا مەکماهۆن
کردوە هەمو رێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ داخستن و هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی پەروەردە.
ئەمەش هەیە: رۆژنامەکە ئاماژەی
بەوەشکردوە؛ وەزارەتی پەروەردەی ئەمەریکا 25 هەزار دۆلاری پێشکەش بە زۆرینەی
کارمەندەکانی ئەو وەزارەتە کردوە بۆ دەستلەکارکێشانەوە یان خانەنشین بون، کۆتا وادەش تا شەوی دوشەممەیە، ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی کەمکردنەوەی هێزی کار.
زیاتر: وەزارەتی پەروەردە، ئیمەیڵیان
بۆ کارمەندەکان ناردوە، کە بڕێک پارەیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی خۆبەخشانە دەست لەکار
بکێشنەوە و دوا وادەش بۆ قبوڵکردن یاخود رەتکردنەوەی ئەو ئۆفەرە دیاریکردوە، کە
کاتژمێر 11:59 خولەکی شەوی دوشەممە.
هاوکات: وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی ئەمەریکا
بە فۆکس نیوزی راگەیاند؛ دەتوانین ئەوە پشتڕاست بکەینەوە کە وەزارەتی پەروەردە ئەمڕۆ
ئیمەیڵێکی بۆ کارمەندەکانی ناردوە و بڕی 25 هەزار دۆلاری پێشکەشکردون.
چی تر: جاکلین کلای، بەرپرسی سەرەکی
سەرچاوە مرۆییەکان لە ئیمەیڵەکەدا وتویەتی، پیشکەشکردنی ئەم ئۆفەرە یەکجارە، پێش
ئەوەی ئۆفەرەکە بەشیوەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە، پارەکە یان هاوتای پارەی
کۆتاییهێنان بە خزمەتەکەی دەبێت، یان 25 هەزار دۆلار دەبێت.
پێشتر: دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
رایگەیاندبو؛ دەیەوێت وەزارەتی پەروەردەی وڵاتەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و بە فێڵ ناوی برد لەبەر
ئەوەی کە نەیتوانیوە خوێندکارانی ئەمریکی وەک پێویست پەروەردە بکات.