سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان
ئاشکرایکرد، فراکسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان لە نێوان خۆیاندا لەبارەی یاسای
هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانەوە گەیشتوونەتە رێککەوتن و هەر فراکسیۆنێکیش
بیەوێت، هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان بکرێتەوە، پێویستە پرۆژە تایبەت بەو
پرسە پێشکەشی پەرلەمان بکات، دەشڵێت، فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسایی
هەڵبژاردن نییە.
هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاتی پێویستە
زانا مەلا خالید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی
کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی ئاماژەی بەوەکرد:"
فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی نییە، چونکە
هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە کاتی پێویستە و کاتیش درەنگە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر
دیارکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدرێت".
پێویستە هێزە سیاسیەکان بگەنە رێککەوتن
روونیشیکردەوە:" ئەو هێزە سیاسییانەی بە مەبەستی
هەمواکردنەوەی یاسایی هەڵبژاردن پرۆژە پێشکەشی پەرلەمان دەکەن، پێویستە پێشتر
لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکە لەسەر ئەو پرۆژەیە بگەنە رێککەوتن".
فراکسیۆنی پارتی زۆرینەی خۆی ناسەپێنێت
جەختیشیکردەوە:" فراکسیۆنی پارتی زۆرینەی خۆی
ناسەپێنێت لەسەر ئەو پرۆژانەی بە مەبەستی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن پێشکەشی
پەرلەمانی کوردستان دەکەن".