ئەمڕۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی
پێشوازی لە کارزان کەریم راوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کاروباری وەزارەتەکانی
پەروەردە و خوێندنی باڵا توێژینەوەی زانستی کرد و لە پەراوێزی دیدارەکەشیاندا پێی
راگەیاند، یادکردنەوەی نوسەری گەورەی کوردستان ئەحمەدی خانی و بڵاوکردنەوەی
دەستنووسەکانی پرۆژەیەکی نیشتیمانییە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە
راگەیەندراوێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی
بەوەکرد:" ئەمڕۆ شەممە پێشوازیمان لە کارزان کەریم راوێژکاری سەرۆکی
ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
کرد، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی یادکردنەوەی نووسەری گەورەی کوردستان و بڵاوکردنەوەی
دەستنووسەکانی بە تایبەتی دەستنووسی مەم و زین-ی کە لەلایەن فەریاد فازیل سەرۆکی
ئینیستیتوتی کورد لە بەرلین چاپکراوە، لە مەراسیمێکی شایستەدا بە هاوبەشی پارێزگاکان
و زانکۆکانی سەڵاحەدین، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و سنە".
دیالۆگ لەسەر کۆنفرانسی وەزارەتی پەروەردە تایبەت بە ( ئا، بێ)ی کوردی کراوە
ئەوەشیخستەڕوو:" لە دیدارەکەدا دیالۆگ
لەسەر کۆنفرانسی وەزارەتی پەروەردە تایبەت بە ( ئا، بێ)ی کوردی کرا و دوایین
پێشهاتەکانی پەیوەندییەکانیشی نێوان کوردستان و عێراق لەگەڵ هیندستان تاوتوێکرا".
بڵاوکردنەوەی دەستنووسەکانی ئەحمەدی خانی پرۆژەیەکی نیشتیمانییە
روونیشیکردەوە:" یادکردنەوەی نووسەری
گەورەی کوردستان ئەحمەدی خانی و بڵاوکردنەوەی دەستنووسەکانی لەگەڵ ئەنجامدانی کۆنفرانسی
وەزارەتی پەروەردە تایبەت بە ( ئا، بێ) ئەرکێکی نیشتیمانییە و پێویستە گرنگییان
پێبدرێ".