ئەمڕۆ د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ پراشانت پیسای باڵیۆزی هیندستان لە عێراق کۆبووەوە، کە تێیدا نامەیەکی سەرۆک کۆماری هیندستان گەیەندرایە سەرۆک کۆماری عێراق.
ئەمڕۆ یەکشەممە، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە:" ئەمڕۆ د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ پراشانت پیسای باڵیۆزی هیندستان لە عێراق کۆبووەوە، کە لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی هیندستان نامەیەکی دروپادی مۆرۆ خانمە سەرۆک کۆماری هیندستان گەیاندە سەرۆک کۆماری عێراق".
بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لە نامەکەدا سەرۆکی هیندستان وێڕای پیرۆزبایی وەک هەڵبژاردنی بە سەرۆک کۆماری عێراق، هیوای سەرکەوتنی بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی د.لەتیف رەشید خواست.
هەروەها لە نامەکەدا سەرۆکی هیندستان جەختیکردەوە لە بەهێزکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان عێراق و وڵاتەکەی کە بە شێوەیەک بێت ئاواتی هەردوو گەلی عێراقی و هیندی بپێکێت لە گەشەسەندن و پێشكەوتندا.