ئاسۆ رۆستەم، یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی
عێراق کە هاوکات کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی سلێمانییە، دوای پەیوەندیکردنی
بە یانەیەکی کوەیتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو، دواتریش فەرمانەکەی
هەڵوەشایەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی "BMC"،
لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢ ئاسۆ رۆستەم گرێبەستی لەگەڵ یانەی سالمییەی کوەیتی ئیمزاکرد
و چووە ئەو وڵاتە، بەڵام ناوبراو کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی
سلێمانییە پێش تەواوکردنی مامەڵەی مۆڵەتکردن لە بەڕێوەبەرایەتییەکەی دەوامەکەی بەجێهێشتووە.
هەر بەگوێرەی ئەو زانیارییانە، دوای چوونی ئاسۆ رۆستەم بۆ کوەیت فەرمانی
دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو، بەڵام بەپێی
نوسراوێكی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم كە لە 13ی تشرینی دووەمی 2022دا ئاراستەی
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی كراوە، بڕیاری دەستگیرکردنەکەی هەڵوەشاوەتەوە.
BMC زانیویەتی، کاتێک ئاسۆ رۆستەم
ویستوویەتی بۆ بەشداریکردن لە جامی کەنداوی ٢٥ لەرێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بۆ فڕۆکەخانەی
بەسڕە گەشت بکات، لە هەولێر رێگری لێکراوە و بەهۆیەوە فڕۆکەکەی بەجێیهێشتووە.
ئاسۆ رۆستەمی تەمەن 29 ساڵ لە گێمی دووەمی
یاریی رابردووی هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر سعودییە توانی گۆڵێک بۆ هەڵبژاردەکەی
تۆمار بکات و سەرکەوتن بۆ عێراق مسۆگەر بکات.