سودانی : عێراق بووەتە کلیلی چارەسەری قەیرانەکانی ناوچەکە

عێراق 01/03/2023

لەلایەن: lawan

Alternate Text

محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراق بووەتە کلیلی چارەسەری زۆرێک لە قەیرانەکانی ناوچەکە و رۆڵی ئەرێنی ھەیە لە چارەسەرکردنی قەیرانە ھەرێمایەتییەکان.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە:" ئەمڕۆ چوارشەممە، محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی ئەنتۆنیۆ گوتیرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا کرد و لە میانی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراو لەبارەی پەیوەندی دووقۆڵی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاسۆی ھاوکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوولا سەبارەت بە پرسی ئاوارەکان و رۆڵی گرنگی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی گۆڕانی ئاوھەوا، ھەروەھا ھەوڵەکان عێراق لەبەرپاکردنی رۆشنبیری مافی مرۆڤ و پتەوترکردنی گەشەسەندنی بەردەوام و رۆڵی عێراق لە پرسی سەقامگریی ناوچەکە تاوتوێ کران".
ئەوەشی خستووەتەڕوو:" سەرۆک وەزیرانی عێراق سوپاسی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنامی) لە عێراق و ھەوڵەکانی بۆ یارمەتیدانی عێراق لە قۆناغە جیاجیاکاندا کردووە و جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە عێراق لە قەیرانی سیاسی رزگاریی بووە و ئێستا ھەوڵەکانی بۆ ئاڵنگارییەکانی ئابووریی وژینگەیەکان خستووەتەڕوو".
بەپێی راگەیەندراوەکە، سودانی ئاماژەی بەوەکردووە:" ئەمڕۆ عێراق بووەتە کلیلی چارەسەری زۆرێک لە قەیرانەکانی ناوچەکە و رۆڵی ئەرێنی ھەیە لە چارەسەرکردنی قەیرانە ھەرێمایەتییەکان".
لای خۆشیەوە، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ ھەوڵەکانی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئاووھەوا و یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی ئاوارەکان دووپاتکردووەتەوە، ھەروەھا ھەوڵەکانی حکومەتی عێراقی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەرز نرخاند.

 

 

 

 

 

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا