پڕۆفیسۆرێکی میسری چەند رێنماییەکی گرنگ بۆ
پاراستنی گەنجی لە مرۆڤدا ئاشکرا دەکات.
د. محەمەد حوفی پڕۆفیسۆری زانستی خۆراک لە
زانکۆی عەین شەمس لە میسر رایگەیاند:" مرۆڤ دەتوانێت لە تەمەنی راستەقینەی
خۆی گەنجتر دەربکەوێت بە وزە و چالاکییەکی زۆرەوە، بەڵام ئەوە لەکاتێکدا روودەدات
کە رێگایەکی خۆپاریزی پەیڕەو بکات لە رووی خۆراک و وەرزش و باری دەرونییەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد:" خۆراکی تەندروست رێگری لە تووشبوون بە نەخۆشییە جیاوازەکان دەکات لە رێگەی کەمکردنەوەی هەوکردن و
تێکچوونی خانەکان، چونکە خۆراکی تەندروست دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرگری لەش و ئەمەش
هۆکارە بۆ رووبەڕوبوونەوەی ڤایرۆس و بەکتریا".
باسیلەوەسکرد:" بە تێپەڕینی کات و
بەهۆی پیسبوونی کەشوهەوا و ئاو و خۆراکەوە، DNAی مرۆڤ رووبەڕووی تێکچوون
دەبێتەوە، بەڵام خۆراکی تەندروست دەتوانێت پارێزگاری لە DNAی مرۆڤیش بکات،
هەروەها دەبێتە هۆی چاکبوونەوەی خانە بنەڕەتییە تێکچووەکان و دووبارە دروستیان
دەکاتەوە".
چۆن خۆراکی تەندروست هەڵبژێرین؟
پڕۆفیسۆرە میسرییەکە نمونەی بەشێک لەو
خۆراکانەی بڵاوکردووەتەوە کە سوودی بۆ گەنج مانەوەی مرۆڤ هەیە کە بریتین لەمانە:
١.دەتوانرێت لە رێگەی خواردنی زەیتی زەیتون
و برۆکلی و بیبەری تونەوە بەرگری لەش بەهێزبکرێت.
٢. زینک لە گۆشتی ماسیدا هەیە، خواردنی ماسی
و زەیتی ماسی، دەبێتە هۆی نوێکردنەوە و چاککردنەوەی خانە بنەڕەتییەکان.
٣. بە خواردنی سپێناخ، گێزەر، پرتەقاڵ،
هێلکە و تۆوی کەتان، دەتوانیت یارمەتی DNA بدەیت بۆ ئەوەی خۆی چاک بکاتەوە.
د. محەمەد حوفی روونیشیکردەوە:" هەموو
ئەو خواردنانەی باسکران پێویستیان بە سیستمی هەرسێکی تەندروست هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت
سوود بە بەکارهێنەرەکە بگەیەنێت".
وتیشی:" تەنها خۆراک بەس نییە بۆ
ئەوەی مرۆڤ بتوانێت خۆی لە قەڵەوبوون و پیردەرکەوتن و تەندروستی خراپ بپارێزێت،
بەڵکو پێویستە مرۆڤ بەردەوامبێت لە وەرزشکردن و نەهێشتنی فشارە دەروونییەکانی،
هەروەها مرۆڤ پێویستە رۆژانە بڕێکی پێویست بخەوێت، بەشێوەیەک کە لە شەش کاتژمێر
کەمتر نەبێت".