بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، پەتای وەرزی یەكێكە لە هەوكردنە ڤایرۆسییەكان كە لەسەر ئاستی جیهان بە یەكێك لە بەربڵاوترین پەتاكان دادەنرێت و زۆربەی جار لە كاتی گۆڕانی كەش و هەوا توشی مرۆڤ دەبێت.
تەندروستی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" ئەم پەتایە چەند نیشانەیەكی لەخۆ گرتووە و دیارترینیان، بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەش (تا)، كۆكە، لەش داهێزان، بێ تاقەتی، سەر ئێشە و قورگ ئێشەیە و نیشانەكان دەكرێت لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاواز بن".
بۆ ئەوەی لەم پەتا وەرزییە پارێزراو بی ئەم رێنماییانە جێبەجێ بكە:
1. ڤاكسین : باشترین رێكاری خۆپارێزی دژی پەتای وەرزی بریتییە لە خۆكوتان بە ڤاكسینی دژە ئەنفلەوەنزا ، خۆشبەختانە وەزارەتی تەندروستی توانیویەتی ڤاكسینی دژە ئەنفلەوەنزا لە بنكە تەندروستییە سەرەكییەكان لە هەرێمی كوردستان دابین بكات . ئەم گروپە لە كۆمەڵگا لە پێشینەن بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی دژە ئەنفلەوەنزا:
- ئافرەتی دووگیان.
- منداڵی تەمەن شەش مانگ تا پێنج ساڵ.
- كەسانی بەساڵاچوو ( سەروو ٦٥ ساڵ ).
- ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.
- پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی.
2. گرنگیدان بە پاك و خاوێنی و شۆردنی دەستەكان.
3. داپۆشینی دەم و لوت لە كاتی كۆكە و پژمین.
4. مانەوە لە ماڵ لە كاتی دەركەوتنی نیشانەكان و پشوودان.
5. دووركەوتنەوە لەو كەسانەی نیشانەكانی پەتای وەرزییان هەیە.
6. دەستنەدان لە دەم و چاو و لوت پێش دەست شۆردن.
- لەكاتی دەركەوتنی نیشانەكانی پەتای وەرزی ئەم رێنماییانە جێبەجێ بكە:
1. پشوودان.
2. خواردنەوەی بڕێكی باش لە ئاو و شلەمەنییەكان.
3. گرنگیدان بە خواردنی میوە و سەوزەوات.
4. هەر كاتێك نیشانەكان قورس بوون و تەندروستیت تێكچوو راستەوخۆ سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكە.