لە میانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ شانۆی سەرشەقام، کچە هەڵەبجەییەک توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ بەدەستبهێنێت.
فێستیڤاڵەکە لە ٩ بۆ ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو، کە تێیدا پێنج گروپی شانۆیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەندین گروپی دیکەی عێراق، ئێران، میسر و جەزائیر بەشداربوون.
دوێنێ شەممە کە دواین رۆژی فێستیڤاڵەکە بوو، چاوان خەلیل کچە کوردی هەڵەبجەیی توانی خەڵاتی باشترین کچە ئەکتەری فێستیڤاڵەکە بەدەستبهێنێت.
لە فێستیڤاڵەکەدا، ئەو کچە هەڵەبجەیی بە تەنها نواندنی کردووە و شانۆییەکی لەژێر ناونیشانی "ژنبوون سەختە" پێشکەش کرد، کە بەهۆیەوە خەڵاتی باشترین کچە ئەکتەری بەدەستهێنا.
شایەنی باسە، چاوان خەلیل لەدایكبووی شاری هەڵەبجەیە و پەیمانگای هونەرەجوانەكان-بەشی شانۆی لە هەڵەبجە تەواو كردووە، هەروەها بەشی شانۆی لە كۆلێژی هونەرەجوانەكانی زانكۆی سەڵاحەدین تەواو كردووە.