وتەبێژی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند،یەكێتی بە نەفەسی رێبازی شەهیدەكانییەوە كارەكانی لە ئێستادا بەڕێوەدەبێتەوە و یەكێكە لەو حزبانەی كە لە سەركردەكانییەوە قوربانی داوە و بەم نەفەسەشەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی حیسابێكی تایبەتی بۆ كوردستان دەكرێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی رۆژی شەهیدانی یەكێتییەوە رایگەیاند:" یەكێتی حزبی شەهیدانە و یەكێك بووە لەو حزبانەی كە سەركردەكانی هەرگیز لە ریزی دواوە نەبوون و ئەگەر شەهید نەبووبێتن، پاشماوەكانی جەنگیان هێشتا پێوە دیارماوە و نمونەی باڵاشمان زۆر و یەكێك لەوانەش كاك كۆسرەت رەسوڵە".
ئاماژەی بەوەشكرد:" كوردستان ئەمڕۆ لە پای خوێنی ئەو شەهیدانە لە رووی جیهانییەوە پێگەیەكی نێودەوڵەتی بەرچاوی هەیە و ئەگەر چی خاوەمی دەوڵەتی خۆی نییە، بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی حیسابێكی تایبەتی بۆ كوردستان دەكرێت".
وتیشی:" یەكێتی لەسەر نەفەسی شەهیدەكانییەوە بەشێوەیەكی گشتی درێژەپێدەری ئەو رێبازەیە و بەو نەفەسەشەوە لە ئێستادا هەوڵەكانی بۆ خۆشگوزەرانی و گێرانەوەی مافی مووچەخۆران و گێڕانەوی ئاسایش بۆ هەرێمی كوردستان چڕكردووەتەوە".
باسی لەوەشكرد:" بە هەمان نەفەسەوە یەكێتی لەسەر سێ پرسی گرنگ لە دوایین كۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی گفتوگۆی كرد و برادەرانی پارتیش لەسەری قایل بوون كە ئەوانیش، یەكەم: پرسی رێگریكردن لە كەمكردنەوەی راهێنەرانی سەربازی و ئەمنی لە هەرێمی كوردستان".
هەروەها، دووەم: پارێزگاریكردن لە قەوارەی هەرێمی كوردستان و هەوڵبدەین لە پێناو پاڵپشتیكردنی حكومەت لە بەغدا و خاڵی كۆتایش: پاراستنی هەرێمی كوردستانیش لە جەنگی چەكدارانی حەماس و ئیسڕائیل".