جەعفەر شێخ مستەفا: یەکێتی هەمیشە بە گرنگییەوە لە کەرکوکی روانیوە

کوردستان 19/12/2023

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی رایگەیاند، حزبەکەی هەمیشە بە گرنگییەوە لە کەرکوکی روانیوە.
جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند:" بەبۆنەی سەرکەوتن و باش بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە لە 15 پارێزگای عێراق بە کەرکوکی قودسی کوردستانیشەوە لە 18ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان، دەزگا ئەمنییەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بەم پڕۆسەیە دەکەم کە ئاسایش و ئارامی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنیان لە ئەستۆ دابوو و بە بێ دروستبوونی هیچ گرژی ئالۆزییەک لە کەشوهەوایەکی هێمنانە کۆتاییان بەم پڕۆسە پڕ لە دیوکراسییە هێنا".
ئاماژەی بەوەشکرد:" هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە کەرکوکی قودسی کوردستانیشی لەخۆ گرتبوو، بۆ ئێمەی نەتەوەی کورد هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز بوو، بە تایبەت دوای ئەو سەرکەوتنە مەزنەی کە (لیستی هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) بەدەستی هێنا، ئەمەش بە هەوڵ و ماندووبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و کادیران و جەماوەرە دڵسۆزەکەی یەکێتی نیشتیمانی بوو، ئەم سەرکەوتنە مەزنەتان لێ پیرۆز دەکەم، گڕوتینی ئێوە و جەماوەر و دەنگدەرە دڵسۆزەکانی ئەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەرز دەنرخێنم".
باسی لەوەشکرد:" یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هاوتەریب لەگەڵ مێژووە پڕ سەروەرییەکەی، هەمیشە بە گرنگییەوە لە شاری کەرکوکی قودسی کوردستانی روانیوە، ئامانجی یەکێتیی بۆ کەرکوک خزمەتکردن و خۆشگوزەرانیی و مافە نەتەوەیی و سیاسیی و ئیدارییەکان بووە، لەپێناو پاراستنی برایەتی و یەکڕیزی نێوان گشت پێکهاتە رەسەنەکانی ئەم شارە، دوای پڕۆسەی رزگاركردنی عێراقیش لە ساڵی (2003)وە نوێنەرانی یەكێتیی نیشتیمانی بوون لە بەغدا کە توانیان ماددەی (58)ی یاسای كاتی عێراق و مادەی 140 لە دەستووری هەمیشەیی عێراق جێگیر بکەن، كە هەردوو یاساکە تایبەتە بە ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەکان".
جەعفەر شێخ مستەفا روونیشیکردەوە:" ئومێدەوارم لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ئەم هەڵبژاردنە، بە زووترین کات پارێزگارێکی کورد بۆ شاری کەرکووکی قودسی کوردستان دیاری بکرێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردییەکان، یەکڕیزی و یەک دەنگیان بکەن بە سەرکەوتنێکی تر بۆ خەڵکی ئەم شارە، بۆ ئەوەی بە هەموومان بتوانین خزمەتی خەڵکە دڵسۆز و کوردپەروەرەکەی ئەم شارە زوڵم لێکراوە بکەین، چونکە کەرکووکییەکان هەمیشە پێشەنگ بوونە لە خەبات و قوربانیدان بۆ گەیشتن بە ئازادی و پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا