پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكان و نەشتەرگەری چاو زانیاری ورد دەربارەی خێلی چاو و چۆنیەتی چارەسەركردنی دەخاتەڕوو.
كۆسار عەلی رەشید، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكان و نەشتەرگەری چاو لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" چاو خێلی، حاڵەتێكە كە بە هەڵە ڕێكخستنی چاوەكان دەناسرێتەوە و چاوی تووشبوو لەوانەیە بەرەو ناوەوە، بەرەو دەرەوە، بەرەو سەرەوە ، یان بەرەو خوارەوە بێت".
چارەسەری چاوخێلی بەندە بە هۆكاری بنەڕەتی، توندی و تەمەنی كەسەكە
ئاماژەی بەوەشكردووە:" چاو خێلی دەتوانێت بە شێوەیەكی پچڕپچڕ ڕووبدات یان بەردەوام بێت، وە رەنگە كاریگەری لەسەر چاوێك یان هەردوو چاو هەبێت، چارەسەری چاوخێلی بەندە بە هۆكاری بنەڕەتی، توندی و تەمەنی كەسەكە".
چەند رێگایەك بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتە هەیە:
- عەدەسەی چاككردنەوە: ئەگەر چاوخێلی پەیوەندی بە هەڵەی شكاندنەوە هەبێت، لەچاوكردنی چاویلكە یان عەدەسەی چاو بۆ راستكردنەوەی بینین یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕێكخستنی چاوەكان.
- راهێنانی چاو: لە هەندێك بارودۆخدا راهێنانی چاو یان چارەسەری بینین پێشنیار دەكرێت بۆ بەهێزكردنی ماسولكەكانی چاو و باشتركردنی هەماهەنگی نێوان چاوەكان.
- داپۆشینی چاو: پەچەكردنی چاوی بەهێزتر بۆ هاندانی چاوی لاوازتر بۆ كاركردنی زیاتر دەتوانێت لە هەندێك بارودۆخدا كاریگەر بێت، بەتایبەتی لە منداڵانی تووشبوو بە (تەمبەڵی چاو) كە پەیوەندی بە خێلی چاوەوە هەیە.
- نەشتەرگەری: دەكرێت راستكردنەوەی نەشتەرگەری پێویست بێت بۆ رێكخستنەوەی ماسولكەكانی چاو و باشتركردنی رێكخستنی چاو، نەشتەرگەری بە شێوەیەكی گشتی لە ژێر بێهۆشكردنی گشتیدا ئەنجام دەدرێت و ئامانجی راستكردنەوەی چاوەكان و باشتركردنی بینینی هەردووچاوە.