بابەتە سەرەکییەکە: دوێنێ چوارشەممە، هاوشێوەی رۆژی
سێشەممە ژمارەئەک ئامێری پەیجە(بێتەل) و ژمارەیەک ئامێری دیکەی پەیوەندیکردن لە
لوبنان تەقینەوە.
راگەیەندراوی فەرمی: وەزارەتی تەندروستی لوبنان ئاماژەی
بەوەکرد: بەهۆی رووداوەکەی دوێنێوە 20 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 500 کەسی
دیکەش بریندار بوون.
ئەوەی هەیە: تاوەکو ئێستا ئیسرائیل بەرپرسیارێتی خۆی لە
هێرشەکان رانەگەیاندووە.
زیاتر: ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئەمنی
لوبنانەوە باسی لەوەکردووە: نزیکەی پێنج مانگ پێش ئێستا پێنج هەزار پەیجەر کڕدراون
و هاوردەی لوبنان کراون.
لەلایەکی دیکەوە: ماڵپەری BBC بڵاویکردەوە، ئێران نامەیەکی ئاڕاستەی
سکرتێری گشتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە.
ناوەڕۆک: ئێران لە نامەکەیدا ئاشکرایکردووە، تاران بەدواداچوونی
جددی دەکات بۆ بریندارکردنی باڵیۆزەکەی لە بەیروت و بە مافی خۆی دەزانێت وەڵامی
ئەو "تاوانە" بداتەوە.
ئەمەش هەیە: ئوردن ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکات کە
هەوڵی پەلکێشکردنی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات بۆ لێواری شەڕ.
لایەنی بەرامبەر: یۆواڤ گاڵانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل
جەختی لەوەکردەوە، وڵاتەکەی چووەتە ناو قۆناغێکی نوێی شەڕکردنەوە
ئەمەش وتراوە: جۆن کێربی وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی
سپی وتی: زیادکردنی چالاکییە سەربازییەکان چارەسەری ئەو قەیرانە نییە کە ئێستا لە
ناوچەکە دروستبووە.