بابەتە سەرەکیەکە: سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، ئێران
هەرگیز پلان و نیازی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپی نەبووە، هیچ هەوڵێکمان لەو بارەیەوە
نەداوە.
لێدوانی
فەرمی: مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئێن بی سی نیوز
رایگەیاند: هیوادارم ترەمپ ببێتە هۆی ئاشتی ناوچەیی و جیهانی
و بە پێچەوانەوە بەشداریی لە خوێنڕشتن یان شەڕدا نەکات، وەڵامی هەر هێرشێک دەدەینەوە، ئێمە
لە شەڕ ناترسین، بەڵام بەدواشیدا ناگەڕێن.
ئەمەشی
وت: هەموو ئەو کارانەی تا ئێستا کردوومانە ئاشتیانە بووە، ئێمە بەدوای دروستکردنی
چەکی ئەتۆمیدا نین، بەڵکو ئەوان تۆمەتبارمان دەکەن بەوەی هەوڵی دروست کردنی بۆمبی
ئەتۆمی دەدەن.
زیاتر:
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا دانوستانی راستەوخۆ و ئاشکرا لەگەڵ ترەمپ دەبێت؟
پزیشکیان وتی: کێشەکە لە گفتوگۆدا نییە، کێشەکە لەو بەڵێنانەدایە لە گفتوگۆکانەوە
سەرهەڵدەدەن، کە لایەنی بەرامبەر بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکرد و رێزی لە بەڵێنەکانی
ناگرێت.
چی تر: سەبارەت بە بانگەشەکانی رۆژئاوا کە
ئێران هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ دەدات، پزیشکیان رایگەیاند، ئێران هەرگیز
پلان و نیازی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپی نەبووە، هیچ هەوڵێکمان لەو بارەیەوە نەداوە
و لە داهاتوودا هیچ هەنگاوێک ناگرینەبەر.