بابەتە سەرەکییەکە: ناوەڕۆکی
کۆبونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق بڵاوکرایەوە.
راگەیەندراوی فەرمی:
وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە: هەردوولا
ڕێكکەوتن کۆبوونەوەکان بەردەوام بێت و ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی هاوبەش
ئەنجام بدرێت کەتیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی
کوردستان بدرێت.
دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی:
شاندی هەرێمی
کوردستان و حکومەتی فیدراڵ جەخت لەچارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەران دەکەنەوە. ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠ کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥، بەسەرپەرشتی بەڕێز دکتۆر
فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری کۆبوونەوەیەکی
هاوبەش لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی بەڕێز ئاوات شێج جەناب وەزیری
دارایی و ئابووری و دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر
ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدول حەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی
هەماهەنگی و بەدواداچوون لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان
خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بەنگین ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی
عێراق بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا
ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و تیمی تەکنیکی وەزارەتی
دارایی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون، لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر
ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ کراو و هەردوولا هاوڕابوون
کە هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی
هەرێم لەم ساڵدا، هاوکات داواکاریەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی کەساڵی
ڕابردوو نەنێردراوە بەداتا و بەڵگەی فەرمی خرایەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە کرا .
هەردوولا ڕێكکەوتن
کۆبوونەوەکان بەردەوام بێت و ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجام بدرێت
کەتیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی
پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت. هەر لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا تیمێکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ
و وەزارەتی دارایی هەرێم پێکبهێنرێت و لەسبەی سێشەممەوە تیمەکە لە وەزارەتی دارایی
هەرێمی کوردستان دەستبەکار بن و ئامادەکاری
پێویست بکەن بۆ کۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرک و پابەندییەکانی هەردوولا
بۆ ساڵی ٢٠٢٥.
هاوکات هەر ئەمڕۆ
شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری،
لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی
کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و بەشێک
لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و
حکومەتی هەرێم بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو، هەردوولا جەختیان لە پێویستی هاوکاری و هەماهەنگی
بۆ ئەم قۆناغە کردەوە تا بەهاوبەشی داکۆکی لەماف و شایستەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی
هەرێمی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق بکرێت.