بابەتە
سەرەکیەکە: فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاند، پێویستە
لەدوای روخاندنی رژێمی ئەسەد دەوڵەتێکی مەدەنی و نامەركەزی بونیاد بنرێت.
لێدوانی فەرمی: مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات
(هەسەدە) لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشییەتد پرێس رایگەیاند، لە دەستنیشانکردنی
ئەحمەد شەرع وەک سەرۆککۆماری کاتی سوریا ئامادە نەبوون بۆیە هیچ گفتوگۆیەک لەسەر
ئەو بابەتە ناکەن.
ئەوەشی وت: پێشتر
لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوەتەوە و هەردوولا دانوستان دەکەن بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەك
سەبارەت بە داهاتوی سوریا، لەنێویاندا داهاتووی کوردەکان لەو وڵاتە.
وتیشی: روخانی رژێمی
بەشار ئەسەد هەنگاوێکی مێژویی بوو لەسەر ئەو بنەمایەش پێویستە سوریایەکی نوێ بنیات
بنرێت بەبێ ئەوەی حزبی بەعس یان ئایدۆلۆژیاکەی بگەڕێندرێتەوە، دەیانەوێت پێکەوە
سوریا بەرەو پێشەوە ببەن.
ئەوەشی خستەروو:
''کوردەکانی سوریا نایانەوێت جیاببنەوە و حکومەت و پەرلەمانی خۆسەری خۆیان هەبێت وەک
ئەوەی لە باکوری عێراقدا هەیە، خەڵکی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەیانەوێت کاروباری
ناوخۆیی خۆیان لە دەوڵەتێکی لامەرکەزیدا بەڕێوەببەن".