بابەتە سەرەکییەکە: شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا رایدەگەیەنێت ئێمە بەدەستی خۆمان، هەمو شتەكانمان خستە ژێر دەستی بەغداوە، هەموو ئەو كێشانەی لەناوخۆی هەرێمدا هەمانبو، دەمانتوانی زۆر بەئاسانی لەسەر مێزی دانیشتن و گفتوگۆ چارەسەریان بكەین.
لێدوانی فەرمی: میدیای فەرمی یەکێتیی بڵاویکردۆتەوە کە لە میانەی چاوپێکەتنێکی دا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە چەند پرسێکی گرنگ کردوەو لەسەر هەرێم و بەغداش وتویەتی دەمانتوانی خزمەتی زیاتری خەڵك بكەین و ناڕەزایی خەڵك نەگاتە ئەو ئاستەی ئێستا، بۆیە پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم پەیوەندییەكی ئاسایی بن و نابێت بەهیچ جۆرێك كۆمەڵانی خەڵك باجی ململانێكانی نێوان هەردوولا بدەن.
زیاتر: سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت پێویستە كابینەی دەیەم پێش هەموشتێك ئەو كەموكوڕییانە دەستنیشان بكات كە لە كابینەی نۆیەم و كابینەكانی پێشودا هەبوە، چارەسەری پێویستیان بكات، پێموایە هەمو گرفتەكان پەیوەست نین تەنها بە كابینەی نۆ و حكومەتی هەرێمەوە، بەڵكو بەشێك لەو كەموكوڕی و گرفتانە، پەیوەستن بە حكومەتی عیراقیشەوە، بەڵام پێویستە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم ئەولەویەت بدات بە ژیان و گوزەران و پێویستییەكانی خەڵك، ئاشتكردنەوە و رازیكردنی خەڵك و پەرەپێدانی كاروانی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی.
ئەمەشی وت: من ئومێدم هەیە بگەینە دەرئەنجامێكی باش، چونكە خواستی خەڵكیشە و خەڵك چاوەڕێی خزمەتی زیاترە لە حكومەتی هەرێم، پێویستە حكومەتی هەرێمیش هەوڵی جددی بدات بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان، لەسەرو هەمویانەوە پرسی موچە و پەرەپێدانی كاروانی ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزاریی، هەروەها پێویستە ئەولەویەتی سەرۆكایەتیی هەرێم، پەرلەمان و حكومەت، حزب و لایەنە سیاسییەكان، گرنگیدان بێت بە ژیان و گوزەرانی مووچەخۆران و هاووڵاتیان و جێبەجێكردنی داخوازییە رەواكانیان.