بەڕێوەبەری تەندروستیی پێنجوێن رایگەیاند، لە ئەنجامی پشكنین بۆ ٤٠٠ كەس، دەركەوتووە ٣٠ كەسیان تووشی كۆرۆنا بوون.
خالید عەبدوڵڵا،
بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی قەزای پێنجوێن بە (BMC)ی راگەیاند، لە چەند رۆژی
رابردوودا بەشێوەیەكی هەڕەمەكی پشكنینیان بۆ دۆزینەوەی تووشبووانی كۆرۆنا كردووە
و ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "لە ئەنجامی ٤٠٠ پشكنین ٣٠ كەسیان
لە پشكنینی یەكەمدا دەركەوتووە كە تووشی كۆرۆنا بوون، بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامی
پشكنینی یەكەم ئەو ٣٠ كەسە دووبارە پشكنینیان بۆ دەكرێتەوە".
لە بارەی پابەندبوونی هاوڵاتیانی قەزاکە بە
رێنماییە تەندروستییەکان رایگەیاند، "بەشێکی
زۆری خەڵک دەكرێت بڵێین ٧٠٪ خەڵكی پێنجوێن پابەندی رێنماییە تەندروستییەكانن، هەندێك
بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە كشتوكاڵكردنەوە كەمتر پابەندن".
هاوکات بڕیارە ئەمڕۆ
پێنجشەممە ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ هەڤاڵ ئەبوبكر، پارێزگاری سلێمانی و شاندێكی تەندروستیی
سلێمانی بۆ بەدواداچوون دۆخی كۆرۆنا لە قەزاكەدا سەردانی پێنجوێن دەكەن.
ئەوەش لە
کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا ٥١ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە قەزاکە
تۆمارکرا و بەرپرسانی تەندروستیش هۆکارەکەی بۆ کەمتەرخەمی ئەو تیمە تەندروستییە دەگێڕنەوە کە لە دەروازەی باشماخ، بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کاریان دەکرد.