بافڵ تاڵەبانی لەپەیامێکدا بەبۆنەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی حزبی شیوعی کوردستانەوە وتی، یەکێتی یەکڕیزی و یەک گوتاری ھێزە سیاسییەکان بە پێویست دەزانێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣ی تشرینی دووەم، بافڵ تاڵەبانی بەبۆنەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی حزبی شیوعی کوردستان و هەڵبژاردنەوەی کاوە مەحمود بەسکرتێری ئەو حزبە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە:" دەستی ھاوپەیمانی و دۆستایەتی بۆ ئەو لایەنانە درێژ دەکەین کە خەباتیان دەچێتە چوارچێوەی ئەو خزمەتە باڵایەی یەکێتی بۆ کۆمەڵانی خەڵک دەیکات".
بافڵ تاڵەبانی ئەوەشی وتووە:" لەچوارچێوەی عێراقیشدا یەکێتی یەکڕیزی و یەک گوتاری ھێزە سیاسییەکان بە پێویست دەزانێت".
دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی:
بەڕێز کاک کاوە مەحمود سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان
پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەم ، کە وەک سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان ھەڵبژێردرانەوە و لەرێی ئێوەشەوە پیرۆزبایی گەرم لە دەستەی نوێی کۆمیتەی ناوەندی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەکەین .
ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم کە تەئکید لە پتەوکردنی پەیوەندی لەمێژینەو دۆستانەی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حزبی شیوعی کوردستان بکەمەوە ، لەپێناوی درێژەدان بە خەباتی دیموکراسی و دادپەروەری و کۆمەڵگەیەکی مەدەنی گەشەسەندو کە ھاوشانی ئەرکە نیشتمانی و نەتەوەییەکان و پرسە چارەنوسازەکان بێت .
وەک چۆن ھەمیشە خەمخۆری ماف و داوارەواکانی خەڵکی کوردستان بووین ، ئاوھاش دەستی ھاوپەیمانی و دۆستایەتی بۆ ئەو لایەنانە درێژ دەکەین کە خەباتیان دەچێتە چوارچێوەی ئەم خزمەتە باڵایەی یەکێتی بۆ کۆمەڵانی خەڵک ، کە حزبە شۆڕشگێڕەکەتان خەبات و تێکۆشانی بۆ ئەو ئامانجە کردووە .
لەچوارچێوەی عێراقیشدا ، یەکێتی یەکڕیزی و یەک گوتاری ھێزە سیاسییەکان بە پێویست دەزانێت ، کە بتوانین لە عێراقدا جگە لەداکۆکیکردن لە مافەدەستوورییەکانی گەلی کوردمان ، خەباتی قۆناغەکە درێژەپێبدەین تا وەکو حکومڕانی ھەرێمی کوردستان یش ھەم گەشە پێبدەین و ھەم بیپارێزین کە بە ئامانجێکی باڵای نیشتمانی و نەتەوەیی بێ مەرجی دەزانین .
دووبارە پیرۆزتان بێت و ھەر شادو سەربەرزو سەرکەوتووبن .
دڵسۆزتان
بافڵ تاڵەبانی