ڕێزان شێخ دلێر : داوا لە پارتی دەکەین بێت دەنگ بدات بە کاندیدەکەی ئێمە

کوردستان 14/02/2022

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

رێزان شێخ دلێر، راوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، یەکێتی قۆناغە قورسەکانی بڕی و ئێستا لە خاڵی بەهێزدایە، پارتی لە خاڵی لاوازە، بۆیە داوا لە پارتی دەکەین بێت دەنگ بدات بە کاندیدەکەی ئێمە.

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا، رێزان شێخ دلێر، راوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند:" یەکێتی قۆناغە قورسەکانی بڕی و ئێستا لە خاڵی بەهێزدایە، پارتی لە خاڵی لاوازە، بۆیە داوا لە پارتی دەکەین بێت دەنگ بدات بە کاندیدەکەی ئێمە د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح کە ئەزمونی هەیە، ئەگەر باسیش لەوە دەکەن کە هیچ بۆ کورد نەکراوە، خۆی هیچ لایەن و کەسێک حزبێکی سیاسی نەیتوانیووە چونکە لەبەر ئەوەی بارودۆخی عێراق خۆی خراپە".

لەبارەی رەتکردنەوەی هۆشیار زێباری وتیشی:" یەکێتی نیشتمانی کوردستان کاتێک زانی ئەو ڕێککەوتنە کراوە، یەکێتی زۆر تەنها بوو هیچ حزبێکی سیاسی لەگەڵی نەبوو، بەڵام توانی بە هێزی خۆی و ئیرادەی خۆی کە ڕێگای دادگای فیدراڵی گرتەبەر کە هەر لە سەرەتاوە وتمان کاندیدکردنی هۆشیار زێباری ڕاست نیـیە، چونکە لە پەرلەمان ئیقالەکراوە، ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بۆ ئێمە سەرکەوتنێکی گەورەبوو".

دەزانین سەرۆکی پەرلەمان کەسێکی بێ لایەن نیـیە بڕیارەکانی بە لایەنگری دەدات

ئاماژەی بەوەشداوە:" ئێمە هەموومان دەزانین سەرۆکی پەرلەمان کەسێکی بێ لایەن نیـیە بڕیارەکانی بە لایەنگری دەدات، هەتا کردنەوەی دووبارە دەرگای خۆکاندیدکردن نایاسایی بوو، وای بۆ دەچم لەم ڕۆژانەی ئایندەدا دادگای فیدراڵیش بڕیار لە بارەی ئەو بڕیارەوە بدات، چونکە پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ باسم خەشان تانەی لەو بڕیارەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە بەردەم دادگای فیدراڵی داوە، وە ڕەنگە سەرۆک کۆماریش بۆ (ئیستفسار) ئەوە بکات(پرسیار لە دادگای فیدراڵی بکات لەسەر دەستوری بون یان نادەستوریبوونی کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن جارێکی تر)، بەڵام دادگای فیدراڵی بێگومان وەڵامی دەبێت بۆ تانەی ئەو پەرلەمانتارە".

یەکێتی قۆناغە قورسەکانی تێپەڕاند

باسی لەوەشکرد:" یەکێتی نیشتمانی کوردستان قۆناغە قورسەکانی تێپەڕاند، دوێنێ کە کۆتا ڕۆژ بوو پارتی خۆی ڕایگەیاند، کاندیدی تریان نیـیە بۆ ئەو پۆستە باشترە بێن بە یەک کاندید بچینە پەرلەمان و دەنگ بە کاندیدەکەی یەکێتی بدەن، من دەڵێم پارتی دەبێت وابکات، چونکە دەنگ بە کێ دەدات؟ ئەوان ئێستا لە خاڵی لاوازیدان و یەکێتی لە خاڵی بەهێزیدایە، چونکە پارتی کاندیدەکەی لەبەر گەندەڵی دەرکراوە بۆیە باشترە بۆ خۆیان بێن دەنگ بە کاندیدەکەی ئێمە بدەن".

یەکێتی کاندیدەکەی خۆی ناگۆڕێت

سەبارەت بە بەرهەم ساڵح، رێزان شێخ دلێر وتی:" یەکێتی کاندیدەکەی خۆی ناگۆڕێت، وتی " کاندید بۆ بگۆڕین، هەر نامەوێت لەسەر ئەوە قسە بکەم، چونکە خۆ کاندیدی ئێمە نیـیە بە تۆمەتی گەندەڵی دەرکرابێت، لەلایەن هیچ لایەنێکی سیاسیەوە سکاڵا لەسەر کاندیدی ئێمە تۆمارنەکراوە کە لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا بڵێن پێشێلی دەستوری کردووە، هەتا ڕەنگە وەک یەکێتی ئێمە لە کاتی خۆیدا گـللەیی ئەوەشمان لێکردبێت کە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا ئەوەندەی گرنگی داوە بە لایەنە سیاسیەکانی تر نەهاتووە ئەوەندە گرنگی بدات بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان".

داوا لە پارتی دەکەین بێت دەنگ بدات بە کاندیدەکەی

لە درێژەی قسەکانیدا دەلێت:" یەکێتی نیشتمانی لە خاڵی بەهێزدایە وە ئێمە نین کە یەکڕیزی کوردمان تێکدابێت، بۆیە داوا لە پارتی دەکەین بێت دەنگ بدات بە کاندیدەکەی ئێمە د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح کە ئەزمونی هەیە، ئەگەر باسیش لەوە دەکەن کە هیچ بۆ کورد نەکراوە، خۆی هیچ لایەن و کەسێک حزبێکی سیاسی نەیتوانیووە چونکە لەبەر ئەوەی بارودۆخی عێراق خۆی خراپە، یاخود پارتی داوای ئەوە دەکات کە یەکێتی کاندیدەکەی بگۆڕێت یەکێتی هیچ کاندیدێکی تری نیـیە تازە هەر د. بەرهەم کاندیدی ئێمەیە".

هەرچەندە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێتی نیشتمانی کوردستان تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە دەرەوەی یەکڕیزی کورد ئەوان د. بەرهەمیان کاندید کردووە. بەڵام ڕێزان شێخ دلێر دەڵێت:" ئەوان(پارتی) حەیای کوردییان برد، چونکە ئەوان هەستان بە ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی دەرەوەی کورد و بەشێک لە شیعەکان ویستیان کەسێک بکەن بە سەرۆک کۆمار کە پێشتر لەسەر گەندەڵی ئیقالە کرابوو".

بە بڕوای رێزان شێخ دلێر، زۆر لە لایەنە عێراقییەکان دەنگ بە د. بەرهەم دەدەن بۆ سەرۆک کۆماری چونکە بە وتەی ڕێزان شێخ دلێر " ئەگەر وا نەبووایە ئەو لایەنانەی کە پەیوەندییان بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەیە پێکەوە دەهاتنە دەنگ و ئەسڵەن کاریان دەکردە سەر دادگا چونکە هەموویان خاوەنی هێز و ئەندام بوون لەو دادگایە، بەڵام لەبەر ئەوەی یەکێتی بە یاسایی کارەکانی کردووە بۆیە ئێمە توانیومانە بەرگری لە حزبەکەمان بکەین وە بەرگریش لەو کەسە بکەین کە کاندیدمان کردووە بۆ سەرۆک کۆمار هەتا دوا ساتیش بەم شێوەیە کاردەکەین.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا