دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە عادل ئیمام، ئەستێرەی شانۆ و سینەمای میسڕی توشی نەخۆشی زەهایمر بووە، براکەی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
لەبارەی دەنگۆکان، عیسام ئیمام، برای عادل ئیمام، کە هاوکات بەرهەمهێنەریشە، وتی:" ئەو دەنگۆیانە هیچ بنەمایەکیان نییە و ئەوانەی ئەو دەنگۆیانە بڵاودەکەنەوە دەیانەوێت لەسەر ناوی عادل ئیمامی گەورە بەناوبانگ بن، دڵنیایی دەدەمە هەموو بینەرەکانی کە تەندروستی ئەو باشە و ئەوەی دەوترێت هیچ بنەمایەکی نییە".
ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەیەکە دەنگۆی ئەوە لە ئارادایە دووبارە عادل ئیمام لە بەرهەمێکی نوێدا دەربکەوێتەوە، کە لە دەرهێنانی کوڕەکەیەتی بەناوی رامی، بەڵام هێشتا هیچ لێدوانێکی فەرمی نەدراوە لەبارەیەوە.
عادل ئیمام خاوەنی ٥٠ ساڵ خزمەتە لە بواری هونەردا، گومانی تێدا نییە درەوشاوەترین ئەستێرەی شانۆ و سینەمای میسڕییە، ناوە ناوەش دەنگۆی گیان لەدەستدان یاخود توشبوونی بە نەخۆشییەک بڵاودەبێتەوە لەناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان.