پزیشکێکی زانستی خۆراک : قەلەقی دەبێتە هۆی قەڵەو بوون

تەندروستی 11/05/2023

Alternate Text

پزیشکێکی زانستی خۆراک لەسەر قەڵەوبوون دەڵێت، هەندێک جار مرۆڤەکان بەهۆی قەلەقی و زۆر بیرکردنەوە لە رووداوەکانی ژیانیاندا، کاتی خەویان تێکدەچێت و ئەمەش زیادەڕۆیکردن لە خواردن و سەرەنجام قەڵەوبوونیانی لێدەکەوێتەوە.

د.بینایی کامەران، پزیشکی زانستی خۆراک لە راگەیەندراوێکی ڤیدۆییدا سێ هۆکاری کەمبیستراو، کە دەبنە هۆی قەڵەوبوون ئاشکرادەکات و دەڵێت:" سەرەڕای ئەوەی چەند هۆکارێکی دیارهەن بۆ قەڵەوبوونی کەسێک لەوانە وەرزش نەکردن و زیادەڕۆییکردن لە خواردندا، سێ هۆکاری دیکەش دەبنە هۆی قەڵەوبوون، کە کەمبیستراون و بە تەواوی کۆمەڵگە پێیان ئاشنانەبووە، ئەوانیش یەکەم چالاکبوونی هۆرۆمون قەلەقی، دووەم نەخۆشی کۆڵۆن و سێیەم بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرۆمۆنی ئەنسۆلین لە خوێندا ".

سەبارەت بە هۆکاری یەکەمیان ئاماژەی بەوەکردووە:" چالاکبوونی هۆرمۆنی قەلەقی لە جەستەدا دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە بەردەوام بیر لە رووداوێکی یان زیاتری ژیانی بکاتەوە و کاتی خەوی تێکبچێت، ئەمەش سەرەنجام دەبێتە هۆی ئەوەی ژەمێکی زیادە لەو ماوەی کاتی خەوەکەی تێکچووە بخوات و ببێتە هۆی قەڵەوبوونی، بەشێوەیەک کە بەشێکی زۆری ئەو خۆراکەی دەیخوات لە ورگیدا کۆببێتەوە و ورگی گەورە ببێت".

لەبارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش رایگەیاندووە:" دوو رێگا هەن، بۆ ئەوەی کەسێک بتوانێت چارەسەری کێشەی قەڵەبوونی بەهۆی چالاکبوونی هۆرۆمۆنی قەلەقییەوە بکات، یەکەمیان ئەوەیە کاتی خەوی رێکبخاتەوە، رێگای دووەمیشیان بریتییە لە بەپێ رۆیشتن بە واتایەکی دیکە وەرزشکردن، کە دەبێتە یارمەتیدەری ئەو کەسە بۆ رزگاربوون لە کێشەی چالاکبوونی هۆرمۆنی قەلەقی".

لەبارەی هۆکاری دووەمیشەوە، د.بینایی دەڵێت:" دووەم هۆکاری کەمبیستراو بۆ قەڵەوبوون، بریتییە لە هەبوونی کێشە لە کۆئەندامی هەرس بە دیاریکراوی کۆڵۆن و ریخۆڵەدا، کە قەڵەوبوونەکە بەشێوەیەکە، کەسەکە تەنیا ورگی گەورە دەبێت و بەشەکانی دیکەی جەستەی وەک دەست و قاچ و دەموچاو وەک پێشتر دەمێننەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش نەخۆشەکە جگەلەوەی پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ لەوبارەیەوە بکات، دەبێت خواردنەوەی ئاو زیاتر بکات و رۆژانە وەرزش بکات".

سەبارەت بە هۆکاری سێیەمیش، کە دەبێتە هۆی قەڵەوبوون ئەو پزیشکە باسیلەوەکرد:" بەرزبوونەوەی ئاستی ئەنسۆلین لە خوێندا، یەکێکە لەو هۆکارە کەمبیستراوانەی دەبنە هۆی قەڵەوبوون، بەشێوەیەک کاتێک زیادەڕۆیی دەکرێت لە خواردنی ئەو خۆراکانەی لە دانەوێڵە و شیرەمەنی پێکهاتوون بە واتایەکی دیکە کاربۆهیدراتیان تێدایە، رژێنی پەنکریاس کە بەرپرسە لە دەردانی هۆرمۆنی ئەنسۆلین، ئەو هۆرمۆنە بەرێژەیەکی زۆر بەردەداتە ناو خوێنەوە و هۆرمۆنەکەش هەڵدەستێت بە رەوانەکردنی ئەو شەکرانە لە خۆراکەکانی ئاماژەپێکراودان بۆ ناو خانەکان، ئەمەش قەڵەوبوونی لێدەکەوێتەوە بە تایبەتی لە کەمەر و ورگدا".

د. بینایی دەشڵێت:" ئەو کەسانەی هەستدەکەن، کێشەی بەرزی ئاستی ئەنسۆلین لە خوێنیاندا هەیە، پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن و چارەسەری پێویست وەربگرن، چونکە خەمساردیکردن لە سەردانیکردنی پزیشکی پسپۆڕ، ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشی درێژخایەنی شەکرە زیاد دەکات".

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا