لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی
تەندروستی سلێمانی، چەند رێنماییەکی سەبارەت بە خۆڵبارین بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت،
پێویستە هاوڵاتییان رەچاویان بکەن.
سامان لەتیف لێپرسراوی راگەیاندن و
پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند:" خۆڵبارین
راستەوخۆ کاریگەرییەکانی بۆسەر تەندروستی هاوڵاتییان دەبێت و هەڵمژینی ئەو هەوایەی
بووە بە تەپوتۆز بەشێوەیەکی گشتی بۆ تەندروستی مرۆڤ باش نییە".
بە وتەی سامان لەتیف خۆڵبارین ئەم
کاریگەرییانەی هەیە :
١- دەبێتە هۆی هەستیاری حەساسییەت و پێڵووی چاوەکان سوردەبنەوە و توشی
خوران دەبێت.
٢- هەستیاری لوت و بەتایبەت تر ناوپۆشی لوت سور دەبێتەوە تووشی هەوکردن
دەبێتەوە بەمەش گیرانی لوت دروست دەبێت و کەسەکە تووشی تەنگەنەفەسی دەبێت.
۳- فشاری خوێن و خوێن بەربوون و هەوکردنی گوێچکەی ناوەڕاست زۆر جار
دەرئەنجامی ئەم خۆڵبارینەیە و کاریگەری دروست دەکات لەسەر ئەو کەسە.
٤- ئەو کەسانەی تەنگە نەفەسن و ڕەبۆیان هەیە لەگەڵ ئەم خۆڵبارینە حاڵەت و
نیشانەکانیان زیاد دەکات.
٥- زۆر جار دەبێتەهۆی خورانی پێست و سوربوونەوە و نەخۆشی ئێکزیما.
٦- کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەناسەدان و سییەکان دروست دەکات و بەمەش
کەسەکە تووشی کۆکە و پژمین و ناڕەحەتی زۆر دەبێت چونکە ئەو دەنکۆڵانە هەڵگری
میکرۆب و بەکتریان.
هاوکات سامان لەتیف ئاماژە بەوەدەکات کە
پێویستە لەکاتی خۆڵبارین پابەندی چەند رێنماییەکبن، کە ئەوانیش بریتین لەمانە:
١- داخستنی دەرگا و پەنجەرە و پاککردنەوەی شوێنی خۆڵبارین بە تایبەت بۆ
ئەو کەسانەی لە ماڵەوەن.
٢- لە کاتی چونە دەرەوە دەمامک ببەسترێ و ڕوو پۆشی خۆت و شوێنی مانەوە
بکەی بەبەردەوامی.
۳- دەرگا و پەنجەرە دابخە ئەگەر بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت مەچۆ دەرەوە.
٤- زۆر خواردنەوەی شلەمەنی بەتایبەت لەکاتی شۆفێری و چونە دەرەوە هەوڵبدرێت
هەوای ناو ئۆتۆمبێل بکرێتەوە.
٥- خواردنی میوە و سەوزە بەبەردەوامی.
٦- تێکەڵ نەبوونی هاوڵاتیان و مامەڵە نەکردنیان لەگەڵ سەگ و پشیلە کە لە
ئێستادا لەلایەن هاوڵاتیانەوە گرنگی زۆری پێدەدرێت ، چونکە ئەو تۆز و خۆڵە لەگەڵ
فەرووی ئاژەڵەکان کێشە دروست دەکات.
لە شەوی رابردووەوە شەپۆلێکی خۆڵبارین
ناوچەکەی بە گشتی گرتووەتەوە و بە وتەی بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی کەرکوکیش،
لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە ١٨٠ کەس بەهۆی کاریگەرییەکانی خۆڵبارینەوە
سەردانی نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگاکەیان کردووە.