دادگای لوبنان بڕیاریدا بە دەستگرتن بەسەر ماڵەکەی کارلۆس غەسن، کە بە جەیمس بۆندەکەی عەرەب ناسراوە.
ئەمڕۆ شەممە، دەسەڵاتی دادوەری لوبنان بڕیاریدا بە دەستگرتن بەسەر ماڵەکەی کارلۆس غەسندا، ئەویش دوای ئەوەی چوار ساڵ لەمەوبەر کۆمپانیای فۆنیۆسی لوبنانی غەسنی تۆمەتبارکرد بە زیانگەیاندن بە سامانی گشتی.
لە ساڵی ٢٠١٩دا، کۆمپانیاکە کە هاوبەشی کۆمپانیای نیسانی ژاپۆنییە، غەسنی بەوە تۆمەتبارکرد کە خاوەندارێتی ئەو ماڵەی تێیدا دەژی دوای هەڵهاتنی لە ژاپۆن، بۆ کۆمپانیاکە دەگەڕێتەوە.
لەو بارەیەوە، سەرچاوەیەک بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە کە بەهای ماڵەکە ١٩ ملیۆن دۆلارە و بەناوی کۆمپانیای فۆنیۆسەوە تۆمارکراوە، دادگای لوبنانیش فەرمانی بە غەسن و هاوسەرەکەی کردووە کە لەماوەی مانگێکدا دەبێت چۆڵی بکەن.
بەپێی میدیاکان، لەکاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەکەدا، غەسن وتوویەتی کە کۆمپانیاکە بە تایبەتی ماڵەکەی بۆ کڕیوە وەک بەشێک لە بەندەکانی گرێبەستی نێوانیان لەکاتی کارکردن پێکەوە و مافی خاوەندارێتی ماڵەکە تەنها بۆ ئەو دەگەڕێتەوە.
لێرەوە بینەری راپۆرتێکی BMC بن سەبارەت بە کارلۆس غەسن و هۆکاری ناونانی بە جەیمس بۆندی عەرەب.