چی دەربارەی ڤایرۆسی ئێپشتاین-بار دەزانیت؟ نیشانەكانی تووشبوون بەم ڤایرۆسە چیین؟!

تەندروستی پێش 4 هەفتە

Alternate Text

ڤایرۆسی Epstein-Barr، نەخۆشییەكی ڤایرۆسی درمییە، بەپێی ماڵپەڕی و لە زۆربەی تەمەنەكاندا بەربڵاوە، بەڵام زۆرترین بڵاوبوونەوەی لەنێو ئەو كەسانەدایە كە تەمەنیان لە نێوان (15 بۆ 24) ساڵاندایە. 

 هۆكارەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئێپشتاین-بار چیین؟!

هۆكاری سەرەكی ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسی EBV یە كە سەر بە خێزانی ڤایرۆسی هێرسسە، زۆر درمییە و لە رێگەی لیك، چڵك و پیسی و هەندێكجاریش فرمێسكەوە بڵاودەبێتەوە، هەروەها بەركەوتنی نزیك لەگەڵ كەسێكی تووشبوو هۆكارێكی دیكەی گواستنەوەیەتی، ماچكردن یان هاوبەشیكردن ئامرازەكان، دەتوانێت گواستنەوەی ڤایرۆسەكە ئاسانتر بكات، لەڕێگای كۆكە، پژمین یان بە هاوبەشكردنی شتە كەسییەكان وەك فڵچەی ددان یان چاویلكە رێگایەكی بڵاوبوونەوەی دیكەی ئەم ڤایرۆسەن.

نیشانەكانی ڤایرۆسی Epstein-Barr چیین؟!

- ماندوێتی زۆر:

ماندوێتی نیشانەیەكی باوی ڤایرۆسی ئێپشتاین-بارە و دەتوانێت لاوازكەر بێت، زۆرجاریش بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك یان تەنانەت چەند مانگێكیش دەخایەنێت، دەتوانێت كاریگەری لەسەر چالاكییەكانی رۆژانە هەبێت و رەنگە تەنانەت دوای پشوودان باشتر نەبێت.

- ئاوسانی گەرووی:

ئەم ڤایرۆسە دەبێتە هۆی ئازاری توندی قوڕگ، ئەمەش رەنگە لەكاتی قووتدانی شتەكاندا ئازار بە كەسی توشبوو بگەیەنێت، لەوانەیە قوڕگ سوورببێتەوە و بشئاوسێت و پەڵەی سپی لەسەر لوولەكان دەربكەوێت.

- گەورەبوونی گرێ لیمفاوییەكان:

رەنگە گرێ لیمفاویەكان بە تایبەت ئەوانەی لە مل و چەناگەدان گەورەتر بن و ئازاریان هەبێت، ئەم ئاوسانە وەڵامدانەوەی بەرگری جەستەیە بۆ هەوكردنی ڤایرۆسەكە.

- تا لێهاتن:
بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش لە كەسانی تووشبوو بە ڤایرۆسی ئێپشتاین-بار باوە و رەنگە بۆ چەند رۆژێك یان هەفتەیەك بەردەوام بێت، پلەی گەرمی لەش نیشانەی ئەوەیە كە سیستەمی بەرگری لەش هەموو هەوڵێك دەدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە.

- ژانەسەر:

زۆرێك لەو كەسانەی تووشی ڤایرۆسی ئێپشتاین-بار دەبن، تووشی سەرئێشە دەبن، كە دەكرێت سووك یان توند بێت، ئەم سەرئێشەیە لەوانەیە نیشانەكانی تری وەك ماندوێتی و ئازاری ماسولكەكانی لەگەڵدا بێت.

- ئازاری ماسولكەكان:

ڤایرۆسی ئێپشتاین-بار دەبێتە هۆی ئازاری گشتی ماسولكەكان و لاوازی لە هەموو جەستەدا، ئەم نیشانانە دەتوانن بەشداربن لە هەستكردن بە ماندوێتی گشتی.

تێبینی: هیچ چارەسەرێكی تایبەت و بنەبڕ بۆ ڤایرۆسی ئێپشتاین-بار نییە، بەڵام چارەسەركردن لەسەر بەڕێوەبردنی نیشانەكان و رێگەدان بە چاكبوونەوەی جەستە بە شێوەیەكی سروشتی، بۆیە رەنگە داوات لێبكرێت پشوو بدەیت و جەستەت بە شێداری بهێڵیتەوە و دەرمانی ئازارشكێن بخۆیت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا