هەموو ساڵێك مانگی ئازار دیاریكراوە بۆ هۆشیاری لەشێرپەنجەی كۆڵۆن و پسپۆڕانی تەندروستی باس لەگرنگی پشكنینی پێشوەخت و پشتیوانی تووشبووان و چاكبووەكان و خێزانەكانیان دەكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشیە.
بەپێی ئامارەكان لەسەر ئاستی جیهان، شێرپەنجەی كۆڵۆن بەسێیەم جۆری باوی جۆرەكانی شێرپەنجە دادەنرێت و دەگاتە لە 10%ی كۆی جۆرەكانی شێرپەنجە و ئەم نەخۆشیە لەنێو وڵاتە پێشكەوتووەكاندا رێژەكەی بەرزە و لە 65%ی كۆی تووشبوون لەنێو وڵاتانی پێشكەوتوودایە.
شێرپەنجەی كۆڵۆن باوترین جۆری شێرپەنجەیە لەنێو پیاوان و دووەم جۆری شێرپەنجەی باو دادەنرێت لەنێو ژنان لەدوای شێرپەنجەی مەمك و بەدووەم هۆكاری گیانلەدەستدان بەهۆی شێرپەنجە دادەنرێت لەجیهان و ساڵانە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیكەی یەك ملیۆن كەس.
شێرپەنجەی كۆڵۆن چییە:
شێرپەنجەی كۆڵۆن و ناسراو بەشێرپەنجەی ناوسك بریتیە لەجۆرێكی شێرپەنجە كە لەناو كۆڵۆن و بەشەكانی ناوسك دروست دەبێت بەهۆی روودانی گەشەكردنێكی ناسروشتی خانەكان كە توانای هێرشكردن و بڵاوبوونەوەی هەیە لەبەشەكانی دیكەی لەش.
زۆربەیجار شێرپەنجەی كۆڵۆن وەك گرێیەكی پاك یان وەك گرێیەكی گۆشتی دەستپێدەكات و بەتێپەڕبوونی كات دەگۆڕدرێت بۆ شێرپەنجە.
هۆكارەكانی مەترسی تووشبوون بەشێرپەنجەی كۆڵۆن:
- سیستمی خۆراكی خراپ و قەڵەویی.
- جگەرەكێشان و خواردنەوەی كهول.
- كەمی جووڵە و چالاكی جەستەیی.
- خواردنی گۆشتی سور و گۆشتە چارەسەركراوەكانی وەك گۆشتی سوێركراو و ووشككراو و گۆشتی لەقتوونراو و گۆشتی خۆشكراو.
- نەخۆشیەكانی هەوككردنی ناوسك.
- تێكچوونی جیناتی بۆماوەیی كەتەنیا لە 5%ی حاڵەتەكان پێكدەهێنێت.
دەستنیشانكردنی شێرپەنجەی كۆڵۆن:
- ئەو جۆرە نەخۆشیە لەرێگەی وەرگرتنی نمونەیەك لەكۆڵۆن لەرێگەی هەناوبینی دەست نیشان دەكرێت لەدوای وێنەگرتنی پزیشكی بۆ دیاری كردنی ئاستی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكە.
پشكنینی پێشوەختەی شێرپەنجە بەرێوشوێنێكی چالاك دادەنرێت بۆ رێگرتن و كەمكردنەوەی گیانلەدەستدان بەهۆی شێرپەنجەی كۆڵۆن و پزیشكان رێنمایی دەدەن ئەو جۆرە پشكنینانە لەسەرەتای تەمەنی 50 ساڵی تا 75 ساڵی بكرێت.
چارەسەركردنی شێرپەنجەی كۆڵۆن:
- ئەو نەخۆشیە چارەسەر دەكرێت لەرێگەی كۆكردنەوەی چەند شێوازێك ئەوانیش نەشتەرگەری و چارەسەری تیشكی و چارەسەری كیمیایی و چارەسەر لەرێگەی شەپۆلەوە.
- ئەو شێرپەنجانەی لەناو دیواری كۆڵۆندان زیاتر شایەنی چارەسەركردنن لەرێگەی نەشتەرگەری، لەكاتێكدا قورسە چارەسەركردنی ئەو نەخۆشیە لەكاتی بڵاوبوونەوەی و گواستنەوەی بۆ بەشەكانی دیكەی لەش.
نیشانەكانی تووشبوون بەشیرپەنجەی كۆڵۆن:
لەنیشانەكانی تووشبوون بەم جۆرە شێرپەنجەیە بریتیە لەبوونی خوێن لەناو پیسایی و قەبزبوونی توند یان سكچوون و سك ئێشە لەگەڵ لەدەستدانی ئارەزووی خواردن و كێش و هەستكردن بەگێژبوون و هیلاكی بەردەوام و ڕشانەوە.
روودانی خوێنبەربوون یان تووشبوون بەكەم خوێنی بەنیشانەی مەترسیدار دادەنرێت لای ئەو كەسانەی تەمەنیان لەسەروو پەنجا ساڵیەوەیە و زۆرینەی شێرپەنجەی كۆڵۆن بەهۆكاری پەیوەندیدار بەشێوازی ژیان و بەساڵاچوون لەگەڵ ژمارەیەكی كەمی حاڵەتەكان بەهۆكاری بۆماوەیی ڕوودەدات.
دەكرێت مەترسیەكانی تووشبوون بەشێرپەنجەی كۆڵۆن كەمبكرێتەوە لەرێگەی گرتنەبەری شێوازێكی ژیانی تەندروست و كەمكردنەوەی هۆكارە مەترسیدارەكانی ئەو نەخۆشیە وەك قەڵەوی، كەمی جوڵەی جەستەیی، سیستمی خۆراكی خراپ، جگەرەكێشان و خواردنەوەی كهول.
خواردنەوەی پێنج كوپ ئاو لەرۆژێكدا و خواردنی میوە، سەوزەوات و كەمكردنەوەی خواردنی گۆشتی سوور و گۆشتی دەستكاری كراو رۆڵی هەیە بۆ كەمكردنەوەی مەترسی تووشبوون بەشێرپەنجەی كۆڵۆن و هەروەها زیادكردنی چالاكی جەستەیی وەك رۆیشتن، پاسكیلسواری و سەركەوتن بەقادرمە لەبری بەكارهێنانی بەرزكەرەوە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی مەترسیەكان.