چی روویدا: بەیانی ئەمڕۆ بانگەشەکانی
چواردەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران کۆتایی هات و پێنج کەس وەکو کاندید بۆ
ئەو مەبەستە ماونەتەوە.
لێدوانی فەرمی: ئەحمەد وەحیدی
وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند: هەموو جۆرە بانگەشەیەک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و
سەر شەقامیش تاوەکو دەستپێکی هەڵبژاردن کە سبەی کاتژمێر 8:00ە، قەدەغەیە.
چیرۆکە سەرەکییەکە: سبەی هەینی
هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران بەڕێوەدەچێت و پێشتر شەش کەس خۆیان کاندید کردبوو،
بەڵام ئەمیرحوسێن قازیزادە دوێنێ چوارشەممە، کشانەوەی خۆی لە کێبڕکێکە راگەیاند.
ئەمەش بزانە: لە ئێستادا هەریەکە
لە محەمەد باقر قالیباف، عەلیڕەزا زاکانی، سەعید جەلیلی، مەسعود پزیشکیانی و
مستەفا پوورمحەمەدی وەکو کاندید ماونەتەوە بۆ هەڵبژاردنەکەی سبەی.
بە ژمارە: لە هەڵبژاردنەکانی سبەیدا
زیاتر لە 61 ملیۆن هاوڵاتیی ئێران مافی دەنگدانیان هەیە و نزیکەی 23 هەزار کارمەندی
هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی پڕۆسەکە تەرخانکراون.
بیرخستنەوە: 19ی مانگی ئایار،
ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی گیانی
لەدەستدا و بەپێی یاسای وڵاتەکە، دەبوو لە ماوەی 50 رۆژدا سەرۆککۆمارێکی نوێ
هەڵبژێردرێت.