کەنەکە: پشتگیری بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی دەکەین

درێژتر لە هەواڵ 5 کاتژمێر پێش ئێستا

لەلایەن: ئاکار

Alternate Text

بابەتە سەرەکیەکە: کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە رایگەیاند، ئێمە وەک کەنەکە ئەم بانگەوازەی ئۆجەلان بە گرنگ و مێژویی دەبینین و پشتگیری لێ دەکەین.

راگەیەندراوی فەرمی: کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە پشتیوانی خۆی بۆ پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان دوپاتکردەوە و رایگەیاند: دوێنێ شاندێکی بەرفراوان چوە دورگەی ئیمراڵی و لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان دیداریان ئەنجامدا، شاندەکە بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالانی بە ناونیشانی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.

ئەمەش هەیە: ئامانجی ئەم بانگەوازە ئاشتییە، ئامانجی بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتییە لە تورکیا و کوردستان و رێخۆشکردنە بۆ سیاسەتی دیموکراتی و دیموکراتیزەکردنی تەواوی تورکیا، ئامانجی ئەوەیە لەڕێگەی ئاشتی و دیالۆگەوە پرسی کورد چارەسەر بکات.

هاوکات: ئەم بانگەوازە بۆ چەندین لایەنە، بانگەوازی سەرەکی بۆ بەرپرسانی تورکیایە تاوەکو شەڕ بوەستێنن و ڕێگە بۆ سیاسەتی دیموکراتی بکەنەوە، هەلومەرجی ئازادی کارکردنی بەڕێز ئۆجالان بڕەخسێنن، پرسی کورد بهێننە پەرلەمان و بەشێوەیەکی دیموکراتی چارەسەری بکەن.

زیاتر: بانگەوازە بۆ لایەنی کوردی تاوەکو بەپێی سیاسەتی دیموکراتی سەرلەنوێ خۆیان ڕێکبخەنەوە و بە کردنەوەی ڕێگەی سیاسی، دەست لە چەک هەڵبگرن، بانگەوازێکە لە هێز و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان و ڕای گشتی جیهان، تاوەکو پرسی کورد چارەسەر نەبێت و ئاڵۆزتر بێت، ئاشتی و ئارامی هەرێمەکە تێکدەچێت، بۆیە دەبێت ڕاوەستە لەسەر ئەم پرسە بکەن و لایەنگری چارەسەری دیموکراتی بکەن.

زانیاری زیاتر: وەک کەنەکە ئەم بانگەوازە بە گرنگ و مێژویی دەبینین و پشتگیری دەکەین، کاردەکەین بۆ بەکارهێنانی ئەم دەرفەتە، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرێکی ئاشتییانە و دیموکراتیک.

چی تر: بەم بۆنەیەوە:

- بانگەواز لە بەرپرسانی  تورکیا دەکەین ئەم دەرفەتە مێژوییە لەدەست نەدەن و وەڵامی ئەرێنی بدەنە ئەم بانگەوازە، ڕێگەی چارەسەری دیموکراتی بکەنەوە و پرسی کورد بە ڕێگەی دیالۆگ چارەسەر بکەن.

- تا ئێستە دەنگدانەوەی نێونەتەوەیی خراپ نییە، بەڵام بەگوێرەی پێویستیش نییە، بانگەواز لە هێزە جیهانییەکان دەکەین و دەڵێین تەنها ڕاگەیاندراو بەس نییە، بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە لەکیس نەچێت، هەنگاوبنێن و بۆ ئاشتی و دیالۆگ ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.

- بانگەواز لە هەموو پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان و هەمو گەلی کوردستان دەکەین، لەم ساتەوەختە هەستیارەدا دەبێت پێکەوەبین، پشتگیری بانگی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بکەین و یەکێتی خۆمان بەهێز بکەین، تێکۆشانی ئاشتی و دیموکراسی بڵندتر بکەین.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا