بابەتە سەرەکییەکە:
رێباز حەملان رونکردنەوەیەکی لەبارەی هۆکاری دەستلەکار کێشانەوەی لە بریکاری
وەزارەتی دارایی عێراق بڵاوکردەوە.
چی وت: ناوبراو
رایگەیاندوە: لە بەغدا کەرامەت و مەبدەئی کوردایەتی و کوردستانی بونم خستە پێش
بەرژەوەندی تایبەتی خۆم.
دەقی رونکردنەوەی رێباز
حەملان:
بە شانازییەوە، لە ژیانی سیاسی خۆمدا بۆ جاری دووەم لەسەر
مافی میللەتەکەم بڕیاری چارەنوسسازم داوە.
لە بەغداد کەرامەت و مەبدەئی کوردایەتی و کوردستانی
بوونم خستە پێش بەرژەوەندی شەخصی خۆم، بەکردەیی نوێنەرایەتی کورد و ھەرێمم کرد، بە
باوەڕێکی کوردانە.
بەتایبەت کە متمانەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی وەردەگریت
دەبێت وەک ھەڵۆ بەرامبەر نەیاران بوەستیت، لەبەردەم دەستکەوتی ماددی و بەرژەوەندی
تایبەت نابێت چۆک دابدەیت.
لەساڵی ٢٠١٧ لەسەر پشتیوانی و پشتگیری ریفراندۆم ھەڵوێستم
وەرگرت، پاشان لەسەر بەرگری لە حکومەتی ھەرێم کە رێگەم نەدا ئەنجومەنی وەزیران نیصابى
قانونى لەدەست بدات، بڕیارمدا وەک وەزیری دارایی و ئابوری لەناو حکومەت بەردەوام
بم لەسەر خزمەتکردنی گەلەکەم باجی ئەو ھەڵوێستەم ھەرچی بێت دام.
لەگەڵ دەستبەکاربونم وەک بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق
، لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم، دیدارو کۆبوونەوەم لەگەڵ بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی
بەغداد کرد لە ئاستی زۆر باڵا، دواتر لە راگەیاندن چەندین دیدارم ئەنجامدا و بەرگریم
کرد لە مافەکانی ھەرێم، راستییەکانم باس کرد کە حکومەتی ھەرێم پابەند بووە بەو
داواکاریانەی لێی کراوە و هەموی جێبەجێ کردووە ، بەتایبەت جەنابی کاک مەسرور بارزانی خەمخۆرانەو پشوو درێژانە
هەموو هەوڵێکی داوە بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەل بەغداد ، ئەم ھەوڵانەم نیگەرانی وەزیری
دارایی عێراقی لێکەوتەوە و بەیاننامەی لەسەر دەرکردم ، بۆ یهكهمجارە لە سایتی وەزارەتێک
لە عێراق بهیاننامه له دژی بەرپرسێکی باڵا بڵاوبکرێتەوە، چونکە من لەبەغداد پێشمەرگە
ئاسا بەرگریم لەقوت و مافی خەڵکی ھەرێمکرد و خەریکی بەرژەوەندی شەخسی خۆم نەبووم،
دواتر لە کۆبوونەوەی فەرمی ئەنجومەنی وەزارەت کێشەکە زیاتر گهورهكرا و لهگهڵ خودى وهزیر لەبەردەم ھەموو ئامادەبووان
کە ٢٤ بەرێوەبەری گشتی ئامادەبوون دەمەقاڵی و گرژی دروست بوو، به شانازییهوه سەرسەختانە
مرافەعەم لەسەر مافەکانی ھەرێمی کوردستان کرد.
لەم ساڵی ٢٠٢٥دا، لەسەر داواکردن بۆ سەرپەرشتی کردنی مەلەفی
بودجە و مووچەی ھەرێم، لەسەر پێداگیری لە شایستە داراییەکانی ھەرێم، هەروەها لەسەر
مامەڵەی نادروستی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر پرسی مووچەو بودجەی ھەرێم، کە زۆر
مامەڵەیەکی سیاسیانەیە بە ناوی بابەتی تەکنیکی و ھونەرییەوە بەردەوام مووچەی مووچەخۆرانی
ھەرێم دوا دەخرێت و لەکاتی خۆیدا ناینێرن
بۆ جاری دووەم بڕیارمداو بە رەوام نەبینی من بەرپرسی باڵای
وەزارەتێك بم لە بەغداد، مووچە لەکاتی خۆی وەربگرم و ئیمتیازاتی زۆرم ھەبێت، بەڵام
ھەمان وەزارەت ھۆکاری ناڕەحەتی میللەتەکەم بێت و ھەر مانگە و بەجۆرێك مامەڵە لەگەڵ
ھەرێم بکات، ویژدانی خۆم بەرامبەر خوای گەورەو میللەتەکەم و حیزبەکەم ئاسوودەکرد.
لە کۆتایی مانگی یەک بەرێزان بەرپرسانی باڵای ھەرێم و حیزبم
لەم بابەتانە ئاگادار کردەوە، داوامکرد کە من دەست لە کار بکێشمەوە و چیتر مامەڵەی
نادروست مایەی قبوڵکردن نییە، بۆیه دەستم لە پۆستەکەم کێشایەوە.