بابەتە سەرەکیەکە: كۆسرەت رەسوڵ عەلی لە ساڵیادی
راپەڕین و ئازادكردنی شاری هەولێر لە دەستی رژێمی بەعسی داگیركەر، پەیامێكی بڵاوكردەوە.
پەیامی فەرمی: کۆسرەت رەسوڵ عەلی رایگەیاند؛ بە
شانازییەكی گەورەوە لەلایەن بەرەی كوردستانی بۆ سەرپەرشتی ئازادكردنی هەولێر
راسپێردراین، لەگەڵ بروسكەی لە باوكی رێناسەوە بۆ شانە چەكدارەكانی بروسک،
لێتانەوە نزیكین دەستبەكاربن، لە كەمترین كاتدا شارەكەمان لە رژێمی بەعس
پاككردەوەو جاڕی سەركەوتنمان لێدا.
ئەمەشی وت: ئەركی هەمومانە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە خزمەتی شارەكە و
خەڵكەكەی بكەین و لەئاست مێژو و گەورەیی هەولێر دابین و بيكهینه نمونهی پێكهوه
ژیان.
دەقی پەیامەکەی کۆسرەت رەسوڵ عەلی؛
جەماوەری خۆڕاگرو تێكۆشەری شاری هەولێر
ساڵیادی راپەڕین و رزگاركردنی هەولێری پایتەخت، هەولێری قەڵاو منارە
لە هەمووتان پیرۆز دەكەم و ئومێد دەكەم ئەم رۆژە مێژووییە ببێتە وێستگەیەكی گرنگ
بۆ پاراستنی یەكڕیزی ناوماڵی كورد و گەیشتن بە ئامانج و ئاواتە وەدینەهاتووەكانمان
و دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ گەلەكەمان.
(٣٤) ساڵ لەمەوبەر، بە شانازییەكی گەورەوە
لەلایەن بەرەی كوردستانی بۆ سەرپەرشتی ئازادكردنی هەولێر راسپێردراین، لەگەڵ
بروسكەی (لە باوكی رێناسەوە بۆ شانە چەكدارەكانی بروسك، لێتانەوە نزیكین
دەستبەكاربن) لەگەڵ خەڵكی شارەكە، شانە چەكدارەكان و رێكخستنە نهێنییەكان راپەڕین
و لە كەمترین كاتدا شارەكەمان لە رژێمی بەعس پاككردەوەو جاڕی سەركەوتنمان لێدا، لە
بەردەم قەڵای سەربەرزی هەولێر سەركەوتنمان راگەیاند.
هەولێرییە تێكۆشەرەكان
بەدرێژایی مێژوو، هەمیشە هەولێر چەقی ململانێ بووەو هەولێرییەكان
قارەمانانەو خۆڕاگرانە بەرەنگاری دوژمن بوونەتەوە و سەروەرییان تۆمار كردووە، بۆیە
ئەركی هەموومانە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە خزمەتی شارەكەو خەڵكەكەی بكەین و لەئاست مێژوو
و گەورەیی هەولێر بین، هەولێر بكەینە نموونەی پێكەوەژیان و خزمەتكردن بەبێ
جیاوازی، نابێ كەسمان ئەوەمان لەبیر بچێت كە هەمیشە هەولێرییەكان میواندۆست و
بەوەفاو خاوەن هەڵوێستن.
جارێكی تر ئەم رۆژە پیرۆزە
لەپێشمەرگە قارەمانەكان، كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و
كەمئەندامانی سەنگەرو تەواوی خەڵكی هەولێر پیرۆز دەكەم و سەری رێزو نەوازش بۆ
شەهیدانی راپەڕین دادەنوێنین.
كۆسرەت رەسوڵ عەلی