بابەتە
سەرەکیەکە: وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان ئاشکرای دەکات، ئەوەی ئێستا
لە روی نرخ بۆ پڕۆژەی روناکی پیادە دەکرێ، نرخی ئەزمونی و پاڵپشتیکراوە.
لێدوانی فەرمی: ئومێد
ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان بە BMC راگەیاند: تاوەکو ئێستا بۆ
پڕۆژەی روناکی کارەبای 24 كاتژمێری هیچ نرخێکی فەرمی جێگیر نەکراوە، ئەوەی ئێستاش
پیادە دەکرێ وەکو ئەزمونە، بە سود وەرگرتن لە تێچوی کارەبا بەپێی هەر کیلۆواتێک
هەژمار کراوە.
ئەمەشی
وت: ئەوەی ئێستا لە ڕووی نرخ بۆ پڕۆژەکە پیادە دەکرێ، نرخەکە پاڵپشتیکراوە، لە
قۆناغی یەکەمدا هەر کیلۆواتێک بە 80 دینار هەژمار کراوە، لە کاتێکدا خۆی 150
دیناری تێچوە یانی 70 دیناری لەلایەن حکومەت پاڵپشتی کراوە.
چی تر:
ئومێد ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، رەچاوی دۆخی گوزەرانی خەڵک دەکرێت و نرخەکان
جیاوازییان دەبێ بۆ خەڵکی هەژار و مامناوەند بەشێوەیەک دەبێ خەڵکی کەمدەرامەت و
مامناوەند بە کەمترین خەرجی لە خزمەتگوزاریی کارەبای 24 كاتژمێری سودمەند بن،
ئەوەش لە ئایندە بڕیاری لێ دەدرێت، نرخی کارەبای 24 کاتژمێری دوای تەواوبونی
دیراسەکان لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی كارەبا بڕیاری لێ دەدرێ.
زیاتر:
ئەو نرخانەی لە هەندێک میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکراونەتەوە دورن لە ڕاستی و
تەنیا شیکردنەوەن، ئەوەی هەیه ئەزمونییە و جێگیر نییە، کە بڕیار دەرچو نرخەکان و
شێوازی بەکارهێنانی کارەبا بۆ هاوڵاتییان رون دەکەینەوە.
هاوکات:
حكومەت دەیەوێت بە کەمترین تێچو خزمەتگوزاریی کارەبا بگەیەنێتە هاوڵاتییانی هەژار
و کەمدەرامەت و ئامانجیش ئەوەیه کارەبای بەردەوام و 24 كاتژمێری بگاتە هەمو هەرێمی
کوردستان.