بابەتە
سەرەکیەکە: بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دەباشان
پێشوازیکرد لە بەڕێز شێخ مادح شێخ عوسمان نەقشبەندی، کەسایەتی دیاری ئاینی
کوردستان و سەرپەرشتیاری خانەقاکانی نەقشبەندی.
راگەیەندراوی
فەرمی: نوسینگەی سەرۆکی یەکێتی بڵاویکردەوە: لە دیدارێکدا کە شێخ ئەحمەد حەمە
کەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبو، دوپات لە پێویستی پەرەپێدانی گیانی
پێکەوەژیانی ئاینی و ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و پێکهاتەکان و پاراستنی بەها باڵا و
پیرۆزەکانی ئاینی ئیسلام کرایەوە، بەشێوەیەک هەمو هەوڵەکان یەکبخرێن لەپێناو
برایەتی و یەکڕیزی گەلی کورد و زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک.
زیاتر:
هەر لە دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی بە گرنگییەوە ئاماژەیدا بە رۆڵی ئەرێنی
شێخانی نەقشبەندی و مورید و شوێنکەوتوانیان لە کاری چاکەکاری و خواپەرستی و
بەهێزکردنی بیروباوەڕی میانڕەوی و پێکەوەیی رێبازەکان و رایگەیاند؛ یەکێتی بە چاوی رێزەوە
لە تەریقەت و پیاوچاکان و زانایان و مامۆستایانی پایەبەرزی ئاینی و خانەقا و
تەکێکان دەڕوانێت کە لە هەمو قۆناغەکاندا خزمەتی بەرچاویان بە گەلەکەمان و شۆڕشی
کوردایەتی کردوە و رێبازی نەقشبەندییەکانیش کە خاوەن تەریقەتێکی مرۆڤ دۆستانە و
کراوەن، چاکەیان بەسەر هەمواندا هەیە و بە پێزانینەوە لێیان دەڕوانین.