چی روویدا: مەکتەبی سیاسی
یەکێتی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە جووڵاندنی ھێزی سەربازی دەکات بۆ وەرگرتنەوەی
بارەگای دەزگای چاودێر.
راگەیەندراوی فەرمی:
مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت:" دەزگای چاودێر
لەسەرەتای دامەزراندییەوە بە پاڵپشتیی دارایی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کارەکانی
ئەنجامداوە و تاوەکو ئێستا بەردەوامبووە".
ئەمەشی وت: بەوپێیەی بەڕێز مەلا بەختیار لەناو ریزەکانی یەکێتیدا
نەماوە و روونبووەوە کە بارەگای دامەزراوەکە رادەستناکرێت و نایەوێت لەژێر چەتری یەکێتیدا
درێژە بە کارەکانی بدات، یەکێتی بە مافی رەوای خۆی دەزانێت بەشێوەیەکی ھێمنانە و
دوور لە ھەموو جۆرە گرژییەک، ھەوڵی وەرگرتنەوەی بارەگای دەزگای چاودێر بدات کە خاوەندارێتیی
زەوی و بارەگاکە دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتی.
درێژەی راگەیەندراوەکە: ئەم ھەوڵە نەک پەیوەندیی بە
ئازادیی رادەربڕین و دژایەتیکردنی بیری ئازادەوە نییە، بەڵکو پاڵپشتیی ئازادیی کاری
رۆژنامەوانی و فراوانکردنی سنوورەکانی دیموکراسی، ستراتیژی نەگۆڕی یەکێتی بووە و ھەرواش
دەمێنێتەوە.
زیاتر: سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری کوردستانە و ناوەندی
ئازادی ڕادەربڕین و چالاکی رۆشنبیرییە و ئەو شانازییەش بەر یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان دەکەوێ کەھەمیشە لەو سەنگەرەدا بووە.
چی تر: مەکتەبی سیاسی یەکێتی باسی لەوەشکرد: ئەم ھەوڵەی یەکێتی
درێژکراوەی ھەوڵەکانی حزبەکەیە بۆ رێکخستنەوەی دەزگاکانی و باشتر خزمەتکردنی
کوردستان و خەڵکەکەی. ھەموو دەنگۆیەکیش سەبارەت بە جووڵاندنی ھێزی سەربازی بۆ وەرگرتنەوەی
بارەگاکە رەتدەکەینەوە.
ئەمەش هەیە: لە راگەیەندراوەکەدا ئەمەش هاتووە: بەداخەوە میدیای
باڵێکی دەستڕۆیشتووی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ھەمیشە ھەوڵی نەزۆکانە دەدەن
بۆ بەلاڕێدابردنی راستییەکان و چەواشەکردنی خەڵکی کوردستان، بۆیە داوایان لێدەکەین
ئەگەر ئەوان لە خەمی ئازادیی کاری رۆژانەمەوانی و بیروڕای ئازاددان، فەرموون چالاکوان
و رۆژنامەنووسانی ناو زیندانە تاریکەکانی ھەولێر و بادینان ئازادبکەن.
قسەی کۆتایی: سلێمانی پێویستی بە فرمێسکی تیمساحیی ئێوە
نییە، بەڵکو ئێوەن دەبێت وانەکانی ئازادی و دیموکراسی لە سلێمانیی سەربەرزەوە فێرببن.