چی روویدا: بەرەی گەل لە شاری دهۆکەوە بانگەشەی بۆ هەڵبژاردنی
پەرلەمانی کوردستان دەستپێکرد و لاهور شێخ جەنگی دەڵێت " بەهۆی گەندەڵی و
چەتەگەری دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، خەڵکی ئەم سنوورە لە دۆخێکی سەختدا دەژین".
لێدوانی فەرمی: لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل
رایگەیاند:" بادینان دەڤەرێکی زۆر گرنگە و سێ وڵات پێکەوە گرێ دەدات، داهاتی
سێ وڵات دێتە ئەم دەڤەرە و سامانێکی زۆری هەیە، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و چەتەگەری
دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، خەڵکی ئەم سنوورە لە دۆخێکی سەختدا دەژین".
ئەمەشی وت: دهۆک هەژارترین پارێزگایە لەسەر ئاستی عێراق
و هەرێمی کوردستان، بەمەش دەبێت دەسەڵاتدارانی سنوورەکە هەست بە شەرمەزاری بکەن،
بەڵام ئەوان بێ شەرمن و وانە لە شکستەکانیان وەرناگرن.
زیاتر: پشتیوانی خەڵکی ئەم ناوچەیە نەبێت، پارتی حزبێکی
بچووکە، کەچی لە جیاتی خزمەتکردنی ئەم دەڤەرە، ناوچەکەی قۆرخ کردووە و ئازادییەکانی
سنووردار کردووە و لەسەر خۆپیشاندانێکی ئاسایی و یاسایی، رۆژنامەنووس و چالاکوان
دەستگیردەکات و تۆمەتیان بۆ دروست دەکات.
چی تر: لاهور شێخ جەنگی بە خەڵکی بادینانیشی وت:" دەبێت
ئێوە ئەو حزبە سزا بدەن کە بە دەنگی خۆتان کردووتانر بە زۆرینە".