قوباد تاڵەبانی: ناکرێت حکومڕانی بەم شێوازەی ئێستا بەردەوام بێت

هەمەرەنگ 3 کاتژمێر پێش ئێستا

لەلایەن: سەربەست نەجمەدین

Alternate Text

بابەتە سەرەکییەکە: قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال سەردانی ناحیەی بنگرد و گوندی شارستێنی کرد و رایگەیاند، یەکێتی بە تەواوی بەو قەناعەتە گەیشتووە کە ناکرێت حکومڕانی بەم شێوازەی ئێستا بەردەوام بێت.

لێدوانی فەرمی: قوباد تاڵەبانی لە میانی سەردانەکەیدا و لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا رایگەیاند، دەبێت گۆڕانکاری بنەڕەتی بکرێت تا هەم بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو شار و ناوچە جیاوازەکان بکرێت و هەم بە گەڕاندنەوەی هیوا و متمانە بۆ خەڵک دەستکەوتە مێژووییەکانی گەلەکەمان بپارێزین.

زیاتر: لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال ئاماژەشی بەوەدا، پێشتر یەکێتی بەهۆی باڵباڵێن و فرە ئاراستەیی نەیدەتوانی سیاسەتێکی روون و شەفافی هەبێت و بە جۆرێک لاواز ببوو کە کەرەستەی پێویستی نەبوو بۆ گۆڕانکاری و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بەڵام لە سێ ساڵی رابردوودا بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، یەکێتی بە بەردەوامی خەریکی رێکخستنەوەی ناوماڵی خۆی و خۆبەهێزکردن بووە و ئێستا بووەتەوە بە هێزێکی خاوەن بڕیار و یەک ئاراستە و لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و ناوچەکە حیسابی تایبەت بۆ بڕیار و سیاسەتی یەکێتی دەکرێت.

 



ئەمەشی وت: قوباد تاڵەبانی لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند، یەکێتی ئەمجارە دەیەوێت بە تۆمارکردنی سەرکەوتنێکی گەورە لەم هەڵبژاردنەدا رێڕەوەی حکومڕانی راستبکاتەوە و کۆتایی بە خۆسەپێنی بهێنێت و حکومەت و هەموو دامەزراوەکانی حکومڕانی بخاتە خزمەتی خەڵکەوە.

ئەمەش بزانە: لە کۆتایی قسەکانیدا قوباد تاڵەبانی وتی وەکچۆن لەسەردەمی شۆڕشدا گوندەکان پشتوپەنای یەکێتی بوون، ئەم یەکێتییەی ئێستاش گەڕاوەتەوە سەر هەمان رێچکە و چاوی لەوەیە بە پشتبەستن بە دەنگ و ئیرادەی گوندنشینەکان و چینە جیاوازەکانی دیکەی کۆمەڵگا، هەنگاوبنێت بەرەو ئەو گۆڕانکارییە مەزنەی کە چەندین ساڵە خەڵکی کوردستان چاوەڕێی دەکەن و داوای دەکەن.

 

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا