بابەتە
سەرەکیەکە: پەیامی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئاهەنگی
نەورۆزی ئامەد خوێندرایەوە و داوا دەکات لە زوترین کاتدا ئۆجەلان
ئازاد بکرێت.
پەیامی
فەرمی: مەسعود بارزانی رایگەیاند؛ لە رۆژی
جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا بەشانازییەوە جەخت لە فەرهەنگی پێکەوە ژیان و پەیامی
ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان دەکەینەوە, هەر لەو سۆنگەیەشەوە پشتیوانی پرۆسەی
چارەسەری و ئاشتی لە تورکیاین.
ئەمەشی
وت: هیوادارین لە کاتێکی نزیکدا بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان ئازاد بکرێت و ئاشتی بە
تاکە رێگەی راست و دروستی چارەسەرکردنی کێشەکان دەزانین.
دەقی
پەیامەکەی مەسعود بارزانی؛
نەورۆز
بۆ گەلی کوردستان، بەهار و نوێبوونەوە و ئازادییە، نەورۆز واتای ژیانێکی
تازە و موژدەی سەرکەوتنی رووناکی بەسەر تاریکی و زووڵم دەدات.
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە،
پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم چین و
توێژەکانی کوردستان دەکەم، پیرۆزبایی نەورۆز لە هەموو رۆڵەکانی گەلی کورد لە هەر
چوار پارچەی کوردستان دەکەم.
پیرۆزبایی لە هەموو ئەو نەتەوانە دەکەم کە
نەورۆز بووەتە بەشێک لە کولتوور و دابونەریتیان. لێرەدا دەمەوێت بەگەرمی پیرۆزبایی
نەورۆز لە رەوەندی کوردی و لەو ملیۆنان کوردە بکەم کە بە هەستێکی بەرزەوە و دوور
لە خاکی نیشتمان جەژنی نەورۆز بەبەرزی رادەگرن و بەهاکانی نەورۆز بە هەموو جیهاندا
بڵاودەکەنەوە، پێیان دەڵیم کە ئێوە هەمیشە لە هزر و ویژدانی ئێمەدان.
خۆشی و
جەژنەکانتان درێژکراوەی خۆشی و جەژنەکانی ئێمەیە، جێگەی شانازییە کە دەبینین لە
نەورۆزدا ئاڵای ئازادی و شکۆ بەرزدەکەنەوە، زۆر خۆشحاڵم کە لە شاری کۆڵنی وڵاتی
ئەڵمانیا ئاهەنگی نەورۆز سازدەکرێت و سۆزی خۆتان بۆ وڵاتەکەتان دووپاتدەکەنەوە.
ئێوە
دەنگ و رەنگی گەلەکەتانن و دەستخۆشیتان لێدەکەم، لە رۆژی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا
بەشانازییەوە جەخت لە فەرهەنگی پێکەوە ژیان و پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان
دەکەینەوە. هەر لەو سۆنگەیەشەوە پشتیوانی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە
تورکیاین.
هیوادارین لە کاتێکی نزیکدا بەڕێز عەبدوڵڵا
ئۆجەلان ئازاد بکرێت و ئاشتی بە تاکە رێگەی راست و دروستی چارەسەرکردنی کێشەکان
دەزانین.
هەر
لەو بۆنەیەدا بەو هیوایەن کۆتایی بە ئێش و ئازارەکانی کورد لە سووریا بێت، کورد بە
هەڵوێستێکی هاوبەش و رێکارێکی ئاشتییانە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی سووریا بگەنە
ئەنجامێک کە لە خزمەتی هەموو لایەک دابێت.
هیوادارم
نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە دەستپێکێک بۆ ئاسوودەیی و خۆشی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و
ناوچەکە بە گشتی، ئەو نەورۆزە و هەموو جەژنەکانیان لە کامەرانی و ئاشتیدا بەڕی
بکەن.
ئومێدی
ئەوە دەخوازم گەلانی ناوچەکە بتوانن لەژێر سایەی ئارامی و سەقامگیریدا لە کەشێکی
ئاشتییانە و برایانە دا بژین، نەورۆزتان پیرۆز، بمێنن بەخێر و خۆشی.