نێچیرڤان بارزانی: سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، سەرکەوتنی هەمومانە

درێژتر لە هەواڵ 11 کاتژمێر پێش ئێستا

لەلایەن: ئاکار

Alternate Text

بابەتە سەرەکیەکە: پەیامی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد خوێندرایەوە و دەڵێت؛ پرۆسەی ئاشتی دەرفەت و هەنگاوێکی مێژوییە.

پەیامی فەرمی: سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ جەژنی نەورۆزی ئەم ساڵ لە کاتێکدایە کە زەمینە و هیوایەک بۆ ئاشتی و ئارامی دروستبوە، بۆ ئەم مەبەستە هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا، بەتایبەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان و هەمو هێز و لایەنەکان کە ماندوبونیان بۆ ئاشتی هەیە، هەروەها هەوڵەکانی بەڕێز ئۆجەلان و هەر کەسێک کە پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی دەکات، زۆر بە رێز و پێزانینەوە هەڵدەسەنگێنم.

چی تر: ئێمە دیسان لە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە پشتگیریی خۆمان بۆ ئاشتی و سەرخستنی ئەم پرۆسەیە نیشان دەدەین، بۆ ئەوەی ئاشتی سەربکەوێت، هەرچی بکەوێتە سەر شانمان و هەرچی لە ئێمە بێتە خواستن، ئێمە ئامادەین، سەرکەوتنی ئاشتی، سەرکەوتنی هەمومانە.

دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛

بەڕێزان، برایانی ئازیز،
گەلی خۆشەویستی ئامەد،
ئامادەبووانی بەڕێزی ئاهەنگی نەورۆز،

ئێوارەتان باش..

لە دڵ و دەروونەوە جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێتان لێ پیرۆز دەکەم. نەورۆز، ئەم جەژنە مێژووییە کە نیشانەی ژیانەوە، نوێبوونەوە، هیوا و ئومێدە، کولتوورێکی هاوبەشمانە کە بە درێژایی هەزاران ساڵ، کوردان و گەلانی ئەم ناوچەیە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. هیوادارم نەورۆزی ئەم ساڵ ببێتە نەورۆزی خێر و خۆشی و سەرکەوتن بۆ هەمووتان.

جەژنی نەورۆزی ئەم ساڵ لە کاتێکدایە کە زەمینە و هیوایەک بۆ ئاشتی و ئارامی دروست بووە. بۆ ئەم مەبەستە هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا، بەتایبەتی بەڕێز سەرۆککۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان و هەموو هێز و لایەنەکان کە ماندووبوونیان بۆ ئاشتی هەیە، هەروەها هەوڵەکانی بەڕێز ئۆجەلان و هەر کەسێک کە پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی دەکات، زۆر بە رێز و پێزانینەوە هەڵدەسەنگێنم.

پرۆسەی ئاشتی دەرفەت و هەنگاوێکی مێژووییە، دەبێت لەدەست نەدرێت و هەموو کەس بۆ سەرخستنی ئاشتی بە دڵ و گیان کار بکات. گەلی کورد بە ئاشتی و پەرەپێدانی کولتووری پێکەوەژیان، دەتوانێت باشتر و زیاتر دەنگی خۆی بگەیەنێت و مافەکانی خۆی بەدەست بهێنێت. ئاشتی دەتوانێت نێوان گەل و میللـەتان خۆش بکات، وڵاتان ئاوەدان بکاتەوە و بۆ هەموو کەسێک ئارامی بهێنێت.

ئێمە دیسان لە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە پشتگیریی خۆمان بۆ ئاشتی و سەرخستنی ئەم پرۆسەیە نیشان دەدەین. بۆ ئەوەی ئاشتی سەربکەوێت، هەرچی بکەوێتە سەر شانمان و هەرچی لە ئێمە بێتە خواستن، ئێمە ئامادەین. سەرکەوتنی ئاشتی، سەرکەوتنی هەموومانە.

لە ئەم رۆژ و جەژنە پیرۆزەدا، دیسان لە دڵ و دەروونەوە سڵاو لە هەمووتان دەکەم، جەژن و سەری ساڵتان پیرۆز و بە خێر بێت. هیوادارم نەورۆزی ئەم ساڵ ببێتە نەورۆزی ئاشتی و ئارامی. هیوای جەژن و ئاهەنگێکی خۆش و پڕ چێژ، بۆ هەمووتان دەخوازم. هەر ساخ بن.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
21ـی ئاداری 2025.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا